پایتەخت

ئەحمەد شەرع دانی نا بە زمانی کوردی

ئەحمەد شەرع دانی نا بە زمانی کوردی
کورتە

پەیامی ئەحمەد شەرع بۆ کوردانی ڕۆژئاوا بڵاوبوویەوە

دوای 11 ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادانی کوردانی هەردوو گەڕەگەی حەلەب و سوپای عەرەبی سووریا، ئەحمەد شەرع چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی کوردانی ڕۆژئاوا دەرکرد و گرنگترینیان دان نان بە زمانی کوردی و ڕاگەیاندنی پشوو لە جەژنی نەورۆز دا.

کەمێک پێش ئێستا، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دا 8 بڕیاری لە بەرژوەندی کوردان دەرکرد کە ئەمانەی خوارەوەن:

1- هاووڵاتییانی کوردی سووریا بەشێکی سەرەکی و ڕەسەنی گەلی سووریان، و ناسنامەی کولتووری و زمانی ئەوان بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی نیشتمانیی سووریای یەکگرتوو.

2- دەوڵەت پابەند دەبێت بە پاراستنی فرەچەشنیی کولتووری و زمانی و مافی هاووڵاتییانی کورد مسۆگەر دەکات لە زیندووکردنەوەی کەلەپوور و هونەرەکانیان و پەرەپێدانی زمانی دایکیان لە چوارچێوەی سەروەریی نیشتمانیدا.

3- زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی دادەنرێت و ڕێگە دەدرێت بە وانەگوتنەوەی لە قوتابخانە حکوومی و تایبەتەکاندا لەو ناوچانەی کە کورد ڕێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن، وەک بەشێک لە پڕۆگرامە بژاردەکان یان وەک چالاکییەکی کولتووری و پەروەردەیی.

4- کارکردن بە هەموو ئەو یاسا و ڕێکارە نائاساییانەی کە دەرەنجامی سەرژمێری ساڵی 1962 بوون لە پارێزگای حەسەکە هەڵدەوەشێتەوە و ڕەگەزنامەی سووری دەدرێتە هەموو ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە لەسەر خاک و وڵاتی سووریا نیشتەجێن، بە "مەکتومولقەید"ەکانیشەوە (ئەوانەی ناویان لە تۆمارەکاندا نییە)، لەگەڵ یەکسانکردنی تەواویان لە ماف و ئەرکەکاندا.

5- جەژنی نەورۆز وەک پشوویەکی فەرمی  (بە مووچەوە) لە سەرتاسەری  سووریا دیاری دەکرێت، وەک جەژنێکی نیشتمانی کە گوزارشت لە بەهار و برایەتی دەکات.

6- دامەزراوە ڕاگەیاندن و پەروەردەییەکانی دەوڵەت پابەند دەبن بە گرتنەبەری گوتارێکی نیشتمانیی گشتگیر و هەر جۆرە جیاکاری یان پەراوێزخستنێک لەسەر بنەمای ڕەگەزی یان زمانی بە یاسا قەدەغە دەکرێت، هەر کەسێک هانی فیتنەی نەتەوەیی بدات بەپێی یاسا کارپێکراوەکان سزا دەدرێت.

7- وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسن لە دەرکردنی ڕێنماییە جێبەجێکارییە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەحکامەکانی ئەم مەرسوومە، هەر لایەنەو بەپێی تایبەتمەندی خۆی.

8- ئەم مەرسوومە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاودەکرێتەوە و لە ڕێککەوتی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت.

16 کانونی دووەم 2026 22:27
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026