مەلاکەی سلێمانی دەستگیرکرا
نوێترین زانیاری لەسەر ئەو مەلایەی سووکایەتی بە کوردانی ڕۆژئاوا کرد
دوای ئەوەی مەلای مزگەوتی بەختەوەری لە کاتی وتاردان دا، "سووکایەتی" بە خەباتی شۆڕشگێری شەڕڤانان و پیشمەرگە کرد، لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکرا.
کەمێک پێش ئێستا، کارزان شێرکۆ، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت وتاربێژی مزگەوتی بەختەوەری لەوتارەکەی ئەمڕۆیدا هەندێک دەستەواژەی نەشیاوی بەرامبەر بەکوردانی ڕۆژئاوا بەکارهێناوە و ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایی لای نوێژ خوێنانی ئەو مزگەوتە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، هەڤاڵ فارس مەولوود، وتاربێژی مزگەوتی بەختەوەری لە گەڕەگی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی، لە کاتی وتاردان دا بەگووتەی هاووڵاتییان "سووکایەتی" بە شەڕڤانان، پێشمەرگە و کوردانی ڕۆژئاوا بەکارهێناوە، کە بوویە هۆی ناڕەزایەتی خەڵک، وەک کاردانەوەیەک دەستبەجێ مەلاکەیان لە میمبەر هێنایە خوارەوە.
بەگووتەی کارزان شێرکۆ، لە ئێستادا بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش تۆمەتباری ناوبراو بەماددەی (240) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.
هەڤاڵ فارس مەولوود، پیشەی ئەندازیارە و "بە خۆبەخشانە" وتاربێژی لە مزگەوتی بەختەوەری دەکات.
لە ڕۆژی 6ـی 1ـی 2026، هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا هێرشیان کردە سەر هەردوو گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، بەم هۆیەوە هەزارەها هاووڵاتیی ئاوارەبوون و دەیان شەڕڤان شەهید بوون.