پایتەخت

ترسی جەنگ گەیشتە ئەمریکا و هۆشداری دەدرێت

ترسی جەنگ گەیشتە ئەمریکا و هۆشداری دەدرێت
کورتە

لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان لە ئێران، ئەمریکا بنکەیەکی سەربازی خۆی لە قەتەڕ چۆڵ دەکات

لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشە بەردەوامەکانی ترەمپ بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، ئەمریکا گەورەترین بنکەی سەربازی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆڵ دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەمە ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سێ دیپلۆماتکاری ئەمریکا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوا لە کارمەند و سەربازەکانی لە قەتەڕ کردووە، بنکەی سەربازی "ئەل عودەید" تا ئێوارەی ئەمڕۆ چۆڵ بکەن.

باڵوێزخانەی ئەمریکا لە دەوحە هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەم هەواڵە نەداوە و وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕیش، وەڵامی پرسیاری ئاژانسی ڕۆیتەرزی بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە نەداوەتەوە.

جێگەی باسە بنکەی "ئەل عودەید" گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نزیکەی 10 هەزار سەربازی تێدا جێگیر کراون.

لەلایەکی دیکەوە هەفتەی ڕابردوو بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو، تاران وڵاتانی نزیک لە خۆی ئاگادار کردووەتەوە، کە هێرش دەکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، ئەگەر بێت و ئەمریکا هێرشیان بکاتە سەر، ئەمەش دوای هەڕەشە بەردەوامەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دەستوەردانی سەربازی لە دۆخی ئێستای وڵاتەکە.

ئەمە لە کاتێکدایە، 18 ڕۆژە خۆپیشاندان لەهەر 31 پارێزگاکەی ئێران بەردەوامە و نزیکەی 6 ڕۆژە هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندی لە سەرانسەری وڵاتەکە کار ناکەن.

14 کانونی دووەم 2026 14:50
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026