لەسەر پرسی مووچە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە
بۆ تاوتوێکردنی پرسی خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران هەرێم بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی سێقۆڵی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ یەکەمەجار دوای سێ مانگ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی دارایی ساڵی 2026، مسۆگەرکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەران بۆ ئەمساڵ و بەدواداچوون بۆ مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی ساڵی 2025.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، تاوتوێی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی سێقۆڵی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتوویی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2025، بەرەوپێشچوونەکانی بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە، خستنەڕووی داتا و زانیارییەکان لە بارەی بڕی نەوتی هەناردەکراو و داهاتی بەدەستهاتووی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ گەنجینەی فیدراڵی دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە دوای پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە دەنگۆی فەوتانی مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی 2025 هەیە، لەلایەکی دیکەوە دوێنێ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبوویەوە و جەختی لە خەرجکردنی ئەو دوو مووچەی کە ماوە لەلای بەغداوە کردەوە.