بەتۆمەتی دەستدرێژی سێکسی کوردێک لە بەریتانیا سزا درا
دادگەی تاوانەکانی ستافۆرد لە بەریتانیا پەناخوازێکی کوردی سزا دا، کە چەند هەفتەیەک دوای گەیشتنی بە وڵاتەکە دەسدرێژی کردبووە سەر کچێک.
سزادانی تاوانبارێکی کورد لە بەریتانیا هەرای ناوەتەوە و خەڵک داوا دەکەن دیپۆرت بکرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە دادگەی تاوانەکانی ستافۆرد لە بەریتانیا ڕایگەیاند، پەناخوازێکی کوردی تەمەن 27 ساڵان بە ناوی محەممەد ئۆغورم، بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچێکی تەمەن 18 ساڵان سزا درا.
محەممەد ئۆغورم سەرەتا لە ڕێگەی سناپچاتەوە کچە 18 ساڵانەکەی ناسیبوو و دوای یەکتربینینیان لە پاڕکێک لە شارۆچکەی تام وۆرس، دەستدرێژی سێکسی کردبووە سەری و دواتریش هەر لە ڕێگەی سناپچاتەوە داوای لێبووردنی لێکردبوو.
تاوانبار بە ڕەچەڵەک خەڵکی باکووری کوردستانەوە و لەڕێگەی یەختێكی بچووکەوە چەند هەفتەیەک بەر لە دەستدرێژییەکە گەیشتبووە بەریتانیا.
بە ڕەچاوکردنی ئەوەی محەممەد ئۆغورم پێش ئەوەی بە بەلەم و لە ناوەڕاستی دەریاوە رزگار بکرێت و بگاتە بەریتانیا، شایەتی تووندوتیژییەکی زۆر بووە و پێشووتریش وەک کوردێک لە تورکیا بەهۆی مامەڵەی خراپی ئەو وڵاتە لەگەڵی، تووشی دڵڕاوكێ و خەمۆکی بووەتەوە، بۆیەوە جۆن ئێدواردز، دادوەری دۆسیەکە سزای تەنیا 7 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپاند.
دادوەرەکە لە کاتی دەرکردنی بڕیارەکەدا رایگەیاند، دەستدرێژییەکە "زیانێکی گەورە"ـی بە قوربانییەکە گەیاندووە.
دوای ئەم هەواڵە دانیشتوانی بەریتانیا لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایی دەردەبڕن و داوا دەکەن یان دیپۆرت بکرێتەوە، یان لە سێدارە بدرێت، بەڵام دادوەرەکە بە ئۆغوری گوتووە: "مانەوەی بەردەوامی تۆ لە بەریتانیا لەلایەن کەسانی دیکەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، نەک من."