سەرۆک بارزانی: دەبێت ڕێزی ئەو پەنابەر و هاووڵاتییە عەرەبە سوورییانە بگیرێت لە کوردستانن
پەیامێکی گرینگ و خێرا لە سەرۆک بارزانییەوە
دوای ئەو هەڵمەتانەی سۆشیال میدیا کە دژی عەرەبە سوورییەکانن لە هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی پەیامی ئاشتیانە بڵاودەکاتەوە و دەڵێت: "دەبێت ڕێزیان لێ بگیرێت".
ئەمڕۆ دووشەممە بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە هەندێک پێگەی میدیایی و سۆشیال میدیا هەڵمەتێك لە دژی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە دەبینرێت كە لە هەرێمی كوردستاندا دەژین، لە كاردانەوەیان بەرانبەر ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری حەلەب، هەر بۆیە ئەم جۆرە هەڵمەت و ڕەفتارانە لە جێی خۆیدا نین و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پڕەنسیپ و بەهاكانی گەلی كوردستان ناگونجێن و دژی سیاسەت و ڕوانگەی گشتیی دامودەزگەی هەرێمی كوردستانن.
بارەگای بارزانی باسی لەوەکرد، لە ڕاستیدا نابێت ئۆباڵی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خەڵكێكەوە بخرێتە ئەستۆی خەڵکانێکی دیکەوە كە هیچ پەیوەندییان بە تاوانەكەوە نەبووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، دەبێت ڕێزی ئەو پەنابەر و هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە بگیرێت كە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و لێرە دەژین، پێویستە كۆتایی بەم هەڵمەتە نابەجێیە بهێندرێت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە بگرن.
ڕۆژی سێشەممە 6ـی 1ـی 2026، لە هەردوو گەڕەگی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزە کوردییەکان و سوپای عەرەبی سووریا دەستیپێکردووە و ژمارەیەک شەڕڤان شەهید بوون و هەزارەها کوردی ڕۆژئاوا ئاوارەبوون.