بۆچی لاهور شێخ جەنگی دادگایی نەکرا؟
پڕۆسەی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی بەڕێوەنەچوو و یەکێک لە دۆسییەکانی بۆ هەولێر دەگوازرێتەوە
بۆچی لاهور شێخ جەنگی دادگایی نەکرا؟
وابڕیابوو ئەمڕۆ بەیانی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و پۆلاد شێخ جەنگی برای و 11 کەسی دیکەی رووداوەکەی لالەزار لە دادگەی سلێمانی بەرێوەبچێت، بەڵام دادگاییکردنەکە بەڕێوەنەچوو و پایتەخت میدیا هۆکارەکەی و چەندین زانیاری دیکە ئاشکرا دەکات.
بەیانی ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی و پۆلاد شێخ جەنگی و تەواوی داواکراوەکانی دیکە هێنرانە بەردەم دادوەر، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرەی گەل و خێزانی لاهور شێخ جەنگی، لە رێگەی تیمی پارێزەرانەوە داوایان کردبوو دۆسیەکە بۆ هەولێر بگوازرێتەوە، دادگاییکردنەکە بەڕێوەنەچوو.
پایتەخت میدیا زانیویەتی، تاوەکو ئێستا سێ کەیسی جیاواز لە دژی لاهور شێخ جەنگی کراونەتەوە کە بەمشێوەیەن:
1- دروستکردنی هێزی نایاسایی
2- رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی حکومەت
3- تێکدانی ئاسایشی سلێمانی
بورهان رەشید گوڵە، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئەوان تانەیان لە ماددەی 56 داوە کە تایبەتە بە دروستکردنی هێزی نایاسایی و ئێستا تانەکە بۆ دادگەی تەمیزی هەولێر نێردراوە و لەوێ بڕیار لەسەر کەیسەکە دەدرێت.
بەپێی گوتەی سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، دروستکردنی هێزی دووپشک بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ بووە، بەڵام سکاڵا لە دژیان تۆمار کراوە و وەکو هێزی نایاسایی ناسێندراون، ئەم کەیسەش لە دادگەی تەمیز لە هەولێر یەکلایی دەکرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، لەم کەیسانەی لاهور شێخ جەنگی دا، دوو سکاڵاکار هەن کە پێکهاتوون لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، هەر ئەمرۆش بەبێ ئامادەبوونیان، دادوەر خوێندنەوەی بۆ سکاڵاکانیان کردووە.
گواستنەوەی تەواوی کەیسەکان و دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی بۆ هەولێر، لە پێشینەی داواکانی بەرەی گەل و خێزانی لاهور شێخ جەنگییە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە کە دادگای سلێمانی، کارەکانی گواستنەوەی ڕایی دەکات و دەنێردرێتە دادگەی تەمیزی هەولێر یان نا، هەرچەیە دۆسیەی یەکەم بۆ هەولێر نێردراوە.