بۆڕی ئاوی ئیفراز سێ چاککرایەوە
ئەو ماڵانەی بەهۆی شکانی بۆڕی ئاوی ئیفراز سێ بێ ئاو بووبوون، لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە ئاویان پێدەگاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر، وادەی گەیشتنی ئاوی بەو ماڵانەی بەهۆی شکانی بۆڕی ئاوی ئیفراز سێ بێ ئاو بووبوون، ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر ڕایگەیاند، دوای شکانی بۆڕی ئیفراز سێی جۆری GRP لە هەولێر تیمەکانیان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنەکە و لە درەنگانی شەو بۆڕییەکە چاککرایەوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر کاتی گەیشتنی ئاو بە ماڵی ئەو گەڕەکانەی بێ ئاو بوون بەهۆی ڕووداوەکەوە ئاشكرا کرد، کە لە ئێستادا ئاو بە ئاراستەی عەمبارەکان رەوانە دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ 12-1-2026 ئاو قۆناغ بە قۆناغ بگاتەوە ماڵەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە، جارێکی دیکە بۆڕی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر لە نزیك گوندی ئیفراز لە سنووری قەزای خەبات شکا و بەهۆیەوە ژمارەیەک گەڕەک بێ ئاو بوون.