سوودانی لە بەرژەوەندی مالیکی لە کێبڕكێی پۆستی سەرۆکوەزیران کشایەوە
سوودانی لە بەرژەوەندی مالیکی کشایەوە؛ هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە وردەکاریی بڕیارەکە ئاشکرا دەکات
هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دانینا بە كشانەوەی سوودانی لە کێبڕكێی پۆستی سەرۆکوەزیران لە بەرژەوەندی مالیكی و هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان ڕایگەیاند، هاوپەیمانییەکەمان لەگەڵ دەوڵەتی یاسا، کۆتاییان بە تەماحی "هەلپەرستان و چەقبەستوویی" سیاسی لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی هێنا، ئەم بڕیارە سەلماندی کە پڕۆژەکەی سوودانی، پڕۆژەیەکی دەوڵەتمەدارانە و خۆنەویستانەیە بۆ بەرژەوەندی گشتی.
لەلایەکی دیکەوە دوای کۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی، چوارچێوەی هەماهەنگی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە کۆبوونەوەکە لە کەشێکی “ئەرێنی و بەرپرسیارانەدا” بەڕێوەچووە.
ئەمە لە کاتێكدایە، دوێنێ شەو لە گرووپێکی وەتسئەپی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، محەممەد شیاع سوودانی کشانەوەی خۆی لە کێبڕکێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران ڕاگەیاندووە، نووری مالیکی ئامادەیی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستەکە پێشانداوە.