ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە: خۆمان ڕادەست ناکەین
ئەنجوومەنی گەرەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە سەرباری بەردەوامی بۆردومانەکان ڕایانگەیاند: دەمێننەوە و بەرگری دەکەن
دواجار ئەنجوومەنی گشتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕەتیان کردەوە ناوچەکە جێبهێڵن.
ئەمڕۆ هەینی ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕایگەیاند، گەلەکەمان و هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆمان لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا خۆڕاگرییەکی گەورە نیشان دەدەن، ئەم هێرشانە ئامانجیان کۆمەڵکوژی دژی گەلەکەمان و دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوونی زۆرەملێیە.
ئەنجوومەنەکە جەختی کردەوە، کە هێرشەکان و هەڕەشەی کۆمەڵکوژی دژی گەلەکەمان بەردەوامە، بەڵام ئێمە فشار قبووڵ ناکەین و خۆمان ڕادەست ناکەین، بڕیارمان داوە بمێنینەوە و بەرگری بکەین.
ئەمە لە کاتێکدایە کاتژمێرێک لەمەوبەر، پارێزگاری حەلەب ڕایگەیاند، ژمارەیەک پاس ئامادەکراوە تا لە کاتژمێرەکانی داهاتوو چەکدارانی هەسەدە بەرەوە ڕۆژهەڵاتی فورات بگوازرێنەوە، سوپای عەرەبی سووریاش چاوەڕوانی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆیە بڕیاری چوونەدەرەوە لە گەڕەکی شێخ مەقسوود بدەن.
تا ئێستا زیاتر لە 20 کەس بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان لەهەردوو گەڕەکی شێخ مەحسوود و ئەشرەفییە کوژراون و دەیانی دیکەش بریندار و بوون، زیاتر لە 120 هەزار کەسی دیکەش ئاوارەبوون.