سینەم محەممەد: ئەوان دەیانەوێت کورد لە حەلەب نەمێنێت
نوێنەری مەسەدە لە واشنتن ئامانجی حکومەتی سووریا لە هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی وڵاتەکە ئاشکرا دەکات
تا ئێستا تەنیا بەشێکی ئەشرەفییە کەوتووەتە دەست سوپای عەرەبی سووریا و نوێنەری مەسەدە لە واشنتن ئامانجی حکومەتی سووریا لەم هێرشانە ئاشكرا دەکات.
ئەمڕۆ هەینی سینەم محەممەد، نوێنەری مەسەدە لە واشنتن ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا 12 کەس لە شەڕ و پێکدادانەکان شەهیدبوون، هاوکات خێزانێکی 5 کەسیش بەر هێرش کەوتوون و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.
نوێنەری مەسەدە لە واشنتن جەختی کردەوە، کە رێککەوتنی 1ـی نیسان پێشێلکراوە و ئەو هێرشەی کراوە لە بەرژەوەندیی گەلانی سووریا نییە، بەڵام ئەوان "دەیانەوێت کورد لە حەلەب نەمێنێت، ئامانجی حکومەتی سووریا لە هێرشەکان ئەوەیە، گەڕەکە کوردنشینەکان چۆڵ بکرێن و دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕن، ئەمە شتێکی مەترسیدارە."
هەر بە گووتەی سینەم محەممەد، تا ئێستا تەنیا بەشێکی ئەشرەفییە کەوتووەتە دەست سوپای عەرەبی سووریا، ئەشرەفییە گەڕەکێکی زۆر گەورەیە و بەشێکی دانیشتووانەکەی عەرەبن، بەڵام ئەو بەشەی کە دانیشتووانەکەی کوردن، لە ژێر دەسەڵاتی ئاسایشی ناوخۆدا ماوەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممەی رابردوو، هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب و ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکان کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن لە بەرامبەردا بە تووندی بەرگرییان کرد.