لەمەوبەدوا خێرایی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان تۆمار دەکرێن
کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵی سەر ڕێگەی عەربەت – پێنجوێن سەرپێچی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانیش تۆمار دەکات
دوای کەوتنە کاری کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ، هاتووچۆی هەڵەبجە هۆشداری بە خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان ئۆتۆمبێلەکانی باشووری عێراق دەدات، لە تۆمارکردنی سەرپێچیی خێرایی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە عەتا بارام، بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەڵەبجە بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ لەسەر ڕێگەی عەربەت – پێنجوێن بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ خرانە کار، کامێراکان نەبەستنی پشتوێنی سەلامەتی و بەکارهێنانی موبایل دەگرێت.
بەگووتەی عەتا بارام، کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵی سنوورەکەیان ئۆتۆمبێلەکانی باشووری عێراق دەگرێت کە ڕاستەوخۆ سەرپێچییەکانیان ڕەوانەی پارێزگاکان دەکرێتەوە، هاوکات سەرجەم ژمارەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان دەگرێت هەر سەرپێچییەک بکەن ڕاستەوخۆ پێیان دەژمێردێت.
بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەڵەبجە هۆشداری بە شۆفێران دەدات، خێراییەکانتان کەم بکەنەوە دانانی ئەم کامێرایانە بۆ سەلامەتی خۆتانە نەک وەرگرتنی پارە.