پایتەخت

ئاگری شەڕەکەی حەلەب بەرەو دێرەزوور پەرە دەسێنێت

ئاگری شەڕەکەی حەلەب بەرەو دێرەزوور پەرە دەسێنێت
کورتە

شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا لە گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب بەردەوامە

شەڕ و پێکدادان لە گەڕەکە کوردییەکانی سووریا بەردەوامە و وردە وردە ناوچەکانی دیکەش دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا بڵایکردەوە، ئەم بەیانییە هێزەکانی دیمەشق بە درۆن و مووشەک و هاوەن گەڕەکە کوردییەکانیان بە ئامانج گرت، "هەسەدە"ـش بەرەیەکی نوێی گرژیی کردووەتەوە و لە دێرەزوور هێزەکانیانی بە چەکی بیکەیسی بە ئامانج گرتووە.

لەلایەکی دیکەوە، هێزەکانی ئاسایشی سەر بە ئیدارەی خۆسەر، کە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی لە ژێر دەست دایە ڕایگەیاند، بەرەبیانی ئەمڕۆ هێزەکانی سەر بە دیمەشق، لەڕێگەی بەکارهێنانی زرێپۆشەوە بەشی ڕۆژهەڵاتی گەڕەکی شێخ مەقسوودیان بە مووشەک و هاوەن کردە ئامانج، ئەوەش زیانی بە ماڵی خەڵک و ژێرخانی گەڕەکەکە گەیاند، هێزەکانیشیان ڕووبەڕووی هێرشەکە بوونەوە و ڕێگرییان کرد لەوەی پێشڕەوی بکەن، شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکانیش تا ئێستا بەردەوامن.

ژمارەی قوربانییانی ئەم شەڕ و پێدادانانە بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و تەندروستی شێخ مەقسوود ڕایگەیاندووە، بەهۆی هێرش و تۆپبارانەوە 8 کەس کوژراون و 57 کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوای نیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سووپای سووریا بڵاویكرده‌وه‌، گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییه‌ی شاری حه‌له‌ب بوونه‌ته‌ دوو ناوچه‌ی سه‌ربازی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ و هاوشێوه‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، بۆیه‌ داوا له‌ هاووڵاتییانی سڤیل ده‌كه‌ن به‌خێرایی تا کاتژمێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆ ئه‌و گه‌ره‌كانه‌ جێبهێڵن.

لە ئەنجامدا هەزارەها خێزان ئاوارەبوون و تا ئێستاش ئەم دوو گەڕەکە کوردییە لەلایەن سووپای سووریاوە کۆنترۆل نەکراوە و نەیانتوانیوە لە ژێر دەستی هێزەکانی ئاسایشی سەر بە ئیدارەی خۆسەر دەربهێنن.

08 کانونی دووەم 2026 10:13
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026