مووچەی مانگەکانی 11 و 12 خەرج دەکرێت؟
پایتەخت چارەنووسی مووچەی مانگەکانی 11 و 12 ئاشکرا دەکات
مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی مانگی 12ـی ساڵی ڕابردوو مووچەی مانگی تشرینی یەکەمیان وەرگرت و ئێستا، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی چارەنووسی مووچەکانی مانگی 11 و 12 زانیاری نوێ لە رێگەی پایتەخت میدیاوە ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هەردوو مووچەی مانگی 11 و 12 مافێکی دەستووری و یاسایی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە و ئەوان وەکو ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، پێداگیر دەبن بۆ ڕەوانەکردنی شایستە دارییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە.
ڕۆژی یەکشەممە 28ـی 12ـی 2025، وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا چەند رۆژێک پێشتر مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی مووچەخۆرانی عێراقی دابەشکرد!
بەگووتەی شێروان دووبەردانی، هیچ مووچەیەکی ساڵی 2025ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نافەوتێت و بۆ هەردوو مووچەی نەهاتووەکە دابەش دەکرێن.
ئەو ئەندامەی پەرلەمان جەخت لەوە دەکاتەوە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان هەردوو لیستی مووچەی مانگەکانی 11 و 12 ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کردووە، ئەوەی پێویست بووە حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتی و نەوتی ڕادەست کردووە.
شێروان دووبەردانی، باسی هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: “سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە هیچ مووچەیەکی مووچەخۆرانی هەرێم نەفەوتێت و ئەوانیش لە پەرلەمان لە یەکەم دانیشتنەوە کاری لەسەر دەکەن”.
حکومەتی فیدراڵ لە ساڵی 2024، لە کۆی 12 مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، مووچەی مانگی 12ـی خەرج نەکرد، بەمەش مووچەی مانگێکی مووچەخۆران فەوتا و بۆ ساڵی 2025، هەموو هەوڵێک خراوەتەگەڕ بۆ ئەوەی هەردوو مووچە ماوەکەی ساڵی ڕابردوو خەرج بکرێت.