بانکی ناوەندی عێراق: بەهای 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار جێگیر دەکرێت
بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، بەهای فەرمی دۆلار گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت و هەر 100 دۆلارێک بە 132 هەزار دینار جێگیر دەکرێتەوە
بانکی ناوەندیی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، نرخی فەرمی دۆلار وەک خۆیەتی و هیچ گۆڕانکارییەک رووینەداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە حەیدەر غازی بەرپرسی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، کە بەهای فەرمی هەر دۆلارێک بە 1320 دینار جێگیرە و هەر زیادبوونێک لە بازاڕی هاوتەریبی بەهۆی خواستی دەرەوەی سیستەمی بانکییەوە دەگەڕێتەوە بەتایبەتی ئەو نێردراوانەی پەیوەست بە باجی گومرگی.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی ئەل سەباح لە زاری دکتۆر نەبیل، ئابووریناس و پسپۆڕی دارایی هۆکاری سەرەکی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری فەرمی گومرگیی پێشوەختە گەڕاندەوە، کە ئەم بڕیارە وایکردووە بازرگانان بۆ خۆدزینەوە لە ڕێکارەکان، ڕوو لە بازاڕی ڕەش بکەن، ئەمەش خواستی لەسەر دۆلاری کاش زیاد کردووە و نرخەکەی بەرزکردووەتەوە.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، دکتۆر نەبیل جەختی کردەوە، باشترین چارەسەر پێویستی بە چاکسازی پێکهاتەیی هەیە، ئەمەش بریتییە لە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، هاندانی بەرهەمی ناوخۆیی و دووبارە ڕێکخستنەوەی کەرتی دارایی، لە کاتێکدا ڕێوشوێنەکانی چاکسازی لەلایەن گومرگ و بانکی ناوەندییەوە لە ماوەی ئەو ماوەیەدا دەست دەکات بە کەمکردنەوەی فشارەکان لەسەر بازاڕی هاوتەریب.
ئەمە لە کاتێدایە، چەندین ڕۆژە لەدوای ڕووداوەکانی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا، بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.