پایتەخت

ترەمپ: ڤەنزوێلا 50 ملیۆن بەرمیل نەوتمان ڕادەست دەکات

ترەمپ: ڤەنزوێلا 50 ملیۆن بەرمیل نەوتمان ڕادەست دەکات
کورتە

ئەمریکا دەست بە فرۆشتنی دەیان ملیۆن بەرمیل نەوتی ڤەنزوێلا دەکات

ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی کاتی ڤەنزوێلا گەیشتە ڕێککەوتن و ملیۆنان بەرمیل نەوتیا ڕادەست دەکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، حکومەتی كاتی ڤەنزوێلا 30 تا 50 ملیۆن بەرمیل نەوت ڕادەستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، داهاتەکەشی لەژێر ئیدارەی ئەودا دەبێت وەک سەرۆک، بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی بۆ سوودی خەڵکی ڤەنزوێلا و ئەمریکا بەکاردەهێنرێت.

ترەمپ لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیدا نووسیویەتی، داوام لە کریس رایت، وەزیری وزەی وڵاتەکەی کردووە دەستبەجێ ئەم پلانە جێبەجێ بکات، بە کەشتی عەمبارکردن دەگوازرێتەوە و راستەوخۆ دەگەیەنرێت بۆ بەندەری دابەزاندن لە ئەمریکا.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، کە ترەمپ بە نیازە ڕۆژی هەینی لە کۆشکی سپی لەگەڵ نوێنەرانی سێ گەورە کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی و بەرهەمهێنەرە ناوخۆییەکانی دیکە کۆببێتەوە، بۆ تاوتوێکردنی ئەنجامدانی وەبەرهێنانی گەورە لە کەرتی نەوتی ڤەنزوێلادا.

هاوکات هەر دوێنێ سێشەممە  دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی (MSNBC) وردەکاریی پلانەکانی بۆ داهاتووی ڤەنزوێلا خستەڕوو و کاتێک پرسیار لە ترەمپ کرا، دەستوەردان و بەڕێوەبردنی ڤەنزوێلا ترسی دووبارەبوونەوەی "کارەساتەکەی عێراق" دروست دەکات، ترەمپ لە وەڵامدا گووتی: "جیاوازیی نێوان عێراق و ڤەنزوێلا ئەوەیە کە جۆرج دەبلیو بووش نەوتەکەی نەبرد، ئێمە نەوتەکە دەبەین."

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی شەممە 3-1-2026 بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەر، پایتەختی ڤەنزوێلایان بۆردومان کرد هەورەها هێرشێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادورۆ ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن.

07 کانونی دووەم 2026 08:59
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026