پایتەخت

وەزارەتی دارایی هەرێم هێرشی تووند دەکاتە سەر وەزارەتی دارایی عێراق

وەزارەتی دارایی هەرێم هێرشی تووند دەکاتە سەر وەزارەتی دارایی عێراق
کورتە

وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایگەیاندووە، کە حکومەتی فیدراڵ تەنیا %41ـی شایستە داراییەکانی ناردووە

حکومەتی فیدراڵ لە ماوەی 3 ساڵ دا، مووچەی ساڵی بەتەواویی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرج نەکردووە، وەزارەتی دارایی جەخت لەوەدەکاتەوە، حکومەتی هەرێم پابەندبوونی دارایی نیشان داوە بە ناردنی داهاتی نانەوتیی.

ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەدوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵیی عێراق، بۆ هەر 3 ساڵی دارایی (2023 – 2024 – 2025)، تیایدا پشکی هەرێمی کوردستان، دوای چەندین گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، دیاری کرا.

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی، کۆی شایستەی دارایی هەرێم گەیشتووەتە 58.3 ترلیۆن دینار، بەڵام ئەوەی بە کردەیی بۆ هەرێم نێردراوە لە 24.3 ترلیۆن دینار تێپەڕی نەکردووە، کە دەکاتە %41ـی مافە داراییەکان و ئەمەش تەنیا %3.9ی کۆی بودجەی عێراقە.

وەزارەتی دارایی باس لەوە دەکات، حکومەتی فیدراڵ بۆ هەریەك لە ساڵەکانی (2023 – 2024 - 2025)، مووچەی ساڵی بەتەواویی خەرج نەکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی شایستە داراییەکان بۆ چەندین مانگ، لە بەرامبەردا، حکومەتی هەرێم لە ساڵی 2025 بڕی 919 ملیار دیناری لە داهاتی نانەوتیی، ڕادەستی گەنجینەی فیدراڵی کردووە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵ لە ساڵی 2025 دا، %59ـی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکردووە.

06 کانونی دووەم 2026 16:18
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026