پایتەخت

حکومەتی کوبا: 32 هاووڵاتییمان لە ڤەنزوێلا کوژراون

حکومەتی کوبا: 32 هاووڵاتییمان لە ڤەنزوێلا کوژراون
کورتە

دەیان هاووڵاتی و سەربازی کوبی لە ڤەنزولا لە کاتی دەستگیرکردنی مادورۆ کوژراون و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "بۆ پاراستنی مادورۆ لە وڵاتە بوون"

بە فەرمی ژمارەی کوژراوانی هاووڵاتی و سەربازانی کوبا لە ڕووداوەکەی ڤەنزوێلا ئاشکرا کرا.

حکومەتی کوبا ڕایگەیاند، 32 هاووڵاتی و کارمەندێکی وڵاتەکەیان لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە چوارچێوەی هێزە چەکدارە شۆڕشگێڕەکان و وەزارەتی ناوخۆ کوژراون، کە لەسەر داوای فەرمی حکومەتی ڤەنزوێلا لەو وڵاتە بوون.

سەرۆکی کوبا هاوسۆزی خۆی بۆ قوربانیان دەربڕی و ڕایگەیاند؛ "لەم ساتە پڕ لە ئازارەدا، شانازی بە قارەمانیەتی ئەو کەسانە دەکەین کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا بوونە قوربانی".

تا ئیستا ڕوون نەبووەتەوە کە بۆ چ مەبەستێک کوبییەکان لە ئەمریکای باشوور و بە دیاریکراوی لە ڤەنزوێلا بوون، بەڵام کوبا هاوپەیمانێکی نزیکی حکومەتی ڤەنزوێلایە و چەندین ساڵە هێزی سەربازی و پۆلیسی ناردووە بۆ یارمەتیدانی ئۆپەراسیۆنەکان.

لەلایەکی دیکەوە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تیشکی خستە سەر تێوەگلانی کوبا لە ڤەنزوێلا و گوتی، دەزگای ئاسایشی ناوخۆی مادورۆ لەلایەن کوبییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت و پشتگیری مادورۆ دەکەن، بەباشی دەزانرێت کە هەموو ئەو پاسەوانانە یارمەتی پاراستنی مادورۆ دەدەن، هەموو دەزگا هەواڵگرییەکانیان پڕ بوون لە کوباییەکان.

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی شەممە 3-1-2026 بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ترەمپ هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەر، پایتەختی ڤەنزوێلایان بۆردومان کرد و توانیان لە ماوەی کەمتر لە سێ کاتژمێر، نیکۆلاس مادورۆ و هاوژینەکەی دەستگیر بکەن و ڕاپێچی زیندانی بکەن لە نیویۆرک.

05 کانونی دووەم 2026 10:15
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026