783 کەس لە نێو بەفر ڕزگارکران
بەڕێوەبەری قەیرانەکانی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی سەرماوسۆڵەوە، ئەمڕۆی کردە پشوو
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەدان کەس لە نێو بەفر گیریان خواردبوو، ڕزگارکران و ئەمڕۆش کرا بە پشووی فەرمی.
بەڕێوەبەرایەتی مانگی سووری ورمێ ڕایگەیاند، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، تیمەکانیان توانیویانە 783 کەس و 291 ئۆتۆمبێل لە مەترسی ڕزگار بکەن کە لەنێو بەفر گیریانخواردبوو.
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری قەیرانەکانی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاندووە، بەهۆی سەرماوسۆڵەوە جگە لە بنکە و نەخۆشخانەکان، بانکەکان و بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی سووتەمەنی، لەسەرجەم فەرمانگەکانی حکومەت، زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمییە.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لایەنی پەیوەندیدار ڕێکاری پێویستی گرتووەتەبەر بۆ ڕێگری لە دروستبوونی گرفتی دابەشکردنی گاز، بەتایبەت بۆ ماڵان، هەروەها هۆشداری داوەتە دانیشتووانی شاری ورمێ و ناوچەکانی دەروبەری، لە ئەگەری ناچاری نەبێت، لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە و گەشتی نا پێویست نەکەن، چونکە سەرماو و بەفر، زۆرینەی ڕێگەکانی بەستووە و مەترسیدارن.