حەلبووسی یان سامەڕائی؛ چارەنووسی کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان چی دەبێت؟
ئێوارەی ئەمڕۆ هێزە سیاسییە سوننەکانی ناو ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی کۆدەبنەوە و کاندیدی خۆیان بۆ سەرۆکی پەرلەمان ڕادەگەیەنن
ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی عێراق، کە پێکهاتووە لەو هێزە سوننەیانەی لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، بەنیازە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز ئەنجام بدات و کاندیدی خۆی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕابگەیەنێت.
محەمەد دەهام، سەرکردە لە هاوپەیمانی عەزم ڕایگەیاندووە، ئێوارەی ئەمڕۆ هێزە سیاسییە سوننەکانی ناو ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە ماڵی سابت عەباسی سەرۆکی هاوپەیمانی حەسام ئەنجام دەدەن، ئەمەش بەمەستی کۆتاییهێنان بە میکانیزمی بەربژێرکردنی کاندیدێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان".
محەممەد دەهام ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنەکە بۆ پێشکەشکردنی دوو کاندید لە ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی دەبێت، کە ئەوانیش محەممەد حەلبووسی یان موسەننا سامەڕائی دەبن، ئەمە بە فەرمی لە میانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا ڕادەگەیەنرێت، هەروەها سەرجەم هێزە سیاسییەکان ئاگاداردەکرێنەوە.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە چالاکییە سیاسییەکانی ناو هێزە سوننەکان بۆ ڕاگەیاندنی کاندیدی خۆیان بۆ سەرۆکی پەرلەمان، لە ڕێگەی کۆبوونەوەکانەوە بەڕێوەدەچێت و ئەنجامەکانی بە ئەرێنی باس دەکرێن.
کۆبوونەوەی لایەنە سوننەکان هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە، کە پابەندبوونی خۆی بە وادەی دەستووری و نیازی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە کاندیدکردنی سەرۆکوەزیران لە ماوەی دوو هەفتەدا دووپاتکردەوە.