پۆشینی نیقاب لە زانکۆ و قوتابخانەکانی دانیمارک قەدەغە دەکرێت
چەند وڵاتێکی ئەوروپی ساڵانێکە هەوڵ دەدەن پۆشینی نیقاب و بورقەی تایبەت بە ئافرەتانی موسڵمان لە شوێنە گشتییەکانی وڵاتەکانیاندا قەدەغە بکەن، وڵاتی دانیمارکیش یەک لەو وڵاتانەیە و ساڵانێکە پۆشینی نیقابی قەدەغە کردووە، نوێترین بڕیاریش بۆ زانکۆ و قوتابخانەکانی ئەو وڵاتەیە.
وەزیری کۆچی وڵاتی دانیمارکی ڕایگەیاندووە، بورقە، نیقاب، یان هەر جلوبەرگێکی دیکە کە دەموچاوی خەڵک دەشارێتەوە، لەم وڵاتەدا جێگەی نابێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕاسموس ستۆکلۆند، وەزیری کۆچ و یەکگرتنی وڵاتی دانمارک ڕایگەیاند، بورقە، نیقاب، یان هەر جلوبەرگی دیکە کە دەموچاوی خەڵک دەشارێتەوە، لە دانیمارکیدا جێگەیان نییە.
وەزیری کۆچی دانیمارک ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستاوە قەدەغەکردنی داپۆشینی دەموچاو لە شوێنە گشتییەکاندا هەیە و بێگومان ئەمەش دەبێت لە دامەزراوە پەروەردەییەکانیشدا جێبەجێ بکرێت.
لە مانگی ئابی ساڵی 2018ـەوە، دانیمارک پۆشینی پەردەی ئیسلامی دەموچاوی وەکو بورقە و نیقابی لە شوێنە گشتییەکان قەدەغە کرد، هاوکات ئەو بڕیارەشی دەرکرد، هەرکەسێک نیقاب و بورقە بەکاربهێنێت سزا دەدرێت.
چالاکوانانی مافی مرۆڤ و گروپە ئاینییەکان ڕەخنەیان لە قەدەغەکردنەکە گرتووە و بە هەڵاواردن و پێشێلکردنی هەردوو ئازادی ئایین و ئازادی هەڵبژاردنی ژنانە ناویان بردووە.
لایەنگرانی یاسا و بڕیارەکەی دانیمارکیش بە پێچەوانەوە دەڵێن؛ ئەوە ڕێگە بە موسڵمانانی پاشخانی کۆچبەران دەدات باشتر تێکەڵ بە کۆمەڵگەی دانیمارک بن.