بەرهەمهێنانی مووشەک لە ئێران زۆرتر بووە
بەرهەمهێنانی مووشەک لە ئێران لە دوای جەنگی 12 ڕۆژە بەشێوەکی بەرچاو زیاد کراون
دوای شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، تاران پەرەی زیاتری بە بەرهەمهێنانی مووشەک داوە.
شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامیی بردە قۆناغێکی دیکە لە بەرهەمهێنان و دروستکردنی مووشەک، بەشێوەیەک کە بەرپرسانی باڵای سوپای پاسداران و کەسانی نزیک لە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەڵێن؛ بۆ چرکەیەکیش ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک نەوەستاون.
وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، هێڵەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک لە وڵاتەکەیان دوای "جەنگی 12 ڕۆژە"، بە وتەی ئەو "بۆ ساتێکیش" دانەخراون و نەوەستاون.
ئەبولفەزل شکارچی وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە میانەی کۆنفرانسێکدا لە زانکۆی پیشەسازیی شەریفی تاران ڕایگەیاند، دوای شەڕی دوانزە ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل ئیتر سیاسەتی دروستکردن و بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنیمان گۆڕاوە، وەکو پێشتر کار لەسەر ئەم بەشە ناکەین و گرنگیی زیاترمان پێی داوە.
شکارچی ئاماژەی بەوەشكرد، ئێران پەرەی زۆرتری بە دروستکردنی مووشک و تەقەمەنی داوە، ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و ئامێرە جەنگییەکان چالاکترن و تەنانەت بۆ چرکەیەکیش نەوەستاون، ئەمەش بەو مانایە دێت، ئێمە گرنگیی بە بەرگریی خۆمان دەدەین.
دوای ئەوەی ئیسرائیل بۆ ماوەی 12 ڕۆژ هێرشی کردە سەر ئێران، سیستمەکانی بەرگریی و چەندین ناوەندی مووشەکیی ئێران لە بەشێک لە شارەکانی ئەو وڵاتە لەناوچوون، هاوکات چەندین کەس لە بەرپرسان و فەرماندەکانی سوپای پاسدارن لەو شەڕەدا کوژران، ئێران دوای ئەو شەڕە، چووەتە قۆناغێکی دیکەوە و نیگەرانە لە دووبارەبوونەوەی هەرچەشنە هێرشێکی لەو شێوەیە.