بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی ڕووسی دەکات و پووتین گرنگیی پێ نادات
بەشار ئەسەد گەڕاوەتەوە بۆ پیشەی پزیشکی و لەگەڵ ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ، سەرۆکی پێشووی ئۆکرانیا لە مۆسکۆ دەژی
دوای جێهێشتنی دەسەڵات و هەڵاتنی لە سووریا، بەشار ئەسەد گەڕاوەتەوە بۆ پیشەی پزیشکی و پێدەچێت لەگەڵ ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ، سەرۆکی پێشووی ئۆکرانیا لە مۆسکۆ بووبێت بە هاوڕێ، چونکە لەپێش چاوی ڤڵادیمیر پووتین کەوتووە و چیتر ڕێزەکەی پێشووتری لە لای نەماوە.
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بە پشتبەستن بە سەرچاوە نزیکەکانی بنەماڵەی بەشار ئەسەد و زانیارییە دزەپێکراوەکان، وردەکارییەکانی دیکتاتۆری پێشووی سووریا و ژیانی تەنیایی منداڵەکانی ئاشکرا کردووە، لەوانەش؛ ئەوەی کە گەڕاوەتەوە بۆ پیشەی پزیشکی و لەگەڵ ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ، سەرۆکی پێشووی ئۆکرانیا لە مۆسکۆ دەژی.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەسەد بە گاردیانی ڕاگەیاندووە، ئەسەد ئێستاش هەر لە مۆسکۆیە و خەریکە فێری زمانی ڕووسی دەبێت، لەگەڵ ئەوەش ڕاهێنان لەسەر پزیشکیی چاو دەکات، پیشەیەک کە هەمیشە هۆگری بووە و لە دیمەشقیش هەندێکجار کاری لەسەر کردووە.
ڕۆژنامەی گاردیان ئاماژەی بەوەشکردووە، پێدەچێت ئەوان لە گەڕەکی ڕوبلیۆڤکا (ناوچەیەکی پارێزراو کە شوێنی نوخبەی ڕووسیایە)، کە کەسانی وەک ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ سەرۆکی پێشووی ئۆکرانیاش لەوێ نیشتەجێن.
بنەماڵەی ئەسەد دوای سزا نێودەوڵەتییەکان بەشێکی زۆری سەروەت و سامانەکەیان گواستەوە بۆ ڕوسیا و ئێستا لە ڕووی داراییەوە لە مۆسکۆ ئازادن، بەڵام ئەسەد و بنەماڵەکەی بە شێوەیەکی کاریگەر لە بازنەی سیاسی و کۆمەڵایەتی دوور خراونەتەوە، کە سەردەمانێک چێژیان لێ وەرگرتووە.
بەپێی سەرچاوەکە، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیاش گرنگی بەو سەرکردانە نادات کە دەسەڵاتیان لەدەستداوە و ئەسەدیش چیتر ڕۆڵی لە هاوکێشەی کرێملیندا نییە.
ئەسەد تەنها لەگەڵ چەند لایەنگرێکی ڕژێمی پێشووی خۆی لە پەیوەندیدایە و ڕێگەی پێنادرێت پەیوەندی بە بەرپرسانی دیکەوە بکات.
هەڵاتنی ئەسەد لە دیمەشقەوە لەناکاو و بەبێ ئاگادارکردنەوە بۆ هەندێک لە خێزان و هاوپەیمانەکانی هات، هەر ئەمەش بووە هۆی توڕەیی و هەستکردن بە خیانەت لای کەسانی دەوروبەری.
هەندێک لە گێڕانەوەکان دەڵێن؛ ئەوە ماهر ئەسەد بووە کە برای دیکتاتۆری پێشوو بووە و هەوڵی ڕزگارکردنی خەڵکی دیکەی دەدا، هەندێک لە کەسوکاری ئەسەد دوای هەڵهاتنی بۆ چەند کاتژمێرێک گیریان خوارد و بێ ماڵ و حاڵ بوون، تا دواجار بە دەستێوەردانی دەسەڵاتدارانی ڕووسیا لە سووریا برانە دەرەوە.
لە مانگەکانی یەکەمی دەربەدەریدا، سەرنجی سەرەکی خێزانەکە لەسەر تەندروستی ئەسما ئەسەد، هاوسەری بەشار بوو، کە ساڵانێک بوو لەگەڵ شێرپەنجەدا شەڕی دەکرد، بەڵام ئێستا لە مۆسکۆ چارەسەری بۆ کراوە و بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان بارودۆخی جێگیرە.
لە کاتێکدا بەشار ئەسەد لە چالاکیی میدیایی و سیاسی قەدەغەکراوە و بۆی نییە چاوپێکەوتن و دەرکەوتنی لەناو خەڵکدا هەبێت، بەڵام منداڵەکانی لە نێو نوخبەی مۆسکۆدا ژیانێکی نوێیان دەستپێکردووە.
زەین، کچەکەی ئەسەد لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە پەیمانگای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی مۆسکۆ دەرچوو، هەروەها کوڕەکانی ئەسەد خۆیان لە سۆشیال میدیا دوور خستووەتەوە و زۆربەی کاتەکانیان بە بازاڕکردن و سەفەرکردن بەسەر دەبەن.