پایتەخت

زیاتر لە 110 کەس لە ئێران بەهۆی ئەنفلۆنزاوە گیانیان لەدەستداوە

زیاتر لە 110 کەس لە ئێران بەهۆی ئەنفلۆنزاوە گیانیان لەدەستداوە
کورتە

وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت، تاوەکو ئێستا 110 کەس بە ئەنفلاوەنزاوە گیانیان لەدەستداوە و تووشبوون بەو پەتایە زیاتر بووە.

وەزارەتی تەندروستی ئێران ئامارێکی نوێی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتەی بە نەخۆشیی ئەنفلۆنزا بڵاوکردەوە.

لەکاتێکدا نرخی دروای ئێران (تومەن) بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە و نرخی هەر دۆلارێک لە 130 هەزار تومەن زیاتر بووە، دەستکەوتنی دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکان بووەتە ئاواتێکی گەورە بۆ بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئەو وڵاتە، هاوکات نەبوونی خزمەتگوزاری و گرنگی نەدانی ناوەندە تەندروستییەکان لە ئێران وایکردووە، کە نەخۆشییەکان زۆرتر و بەربڵاوتر بن و ژمارەی گیان لەدەستدانەکانیش زۆرتر بن.

عەلیڕەزا ڕەئیسی، بریکاری وەزیری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند، شەپۆلی ئەنفلۆنزای ئەمساڵ لە ساڵی ڕابردوو توندتر بووە و زووتر دەستیپێکردووە، ڕێژەی تووشبوون بە ئەنفلۆنزا لە بەشێک لە پارێزگاکان هێشتا چەند ئەوەندەی ئاستی هۆشداری سیستەمی تەندروستییە و لە سەرەتای شەپۆلی ئەمساڵەوە زیاتر لە 110 حاڵەتی مردن، کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نەخۆشییە تۆمارکراوە.

عەلیڕەزا ڕەئیسی زیادیشی کرد، پارێزگاکانی گۆلستان، قەزوین، هورمزگان، سیستان و بەلووچستان (زاهدان)، خوزستان (ئەهواز)، تاران، کرماشان و هەمەدان لە ئێستادا زۆرترین ڕێژەی تووشبوونیان بە ئەنفلۆنزا هەیە و لە هەندێک لەو پارێزگایانە ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا چەند ئەوەندەی ئاستی هۆشداری سیستەمی تەندروستییە.

بەپێی ئەو ئامار و زانیارییانەی لە ناوەندە تەندروستییەکانی ئێرانەوە کۆکراونەتەوە، زۆرترین گروپی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا لەو وڵاتە منداڵانن، هەروەها گرانی نرخی ڤاکسینەکە کە دەگاتە 920 هەزار تومەن، وایکردووە زۆر کەس توانای کڕینی ڤاکسینەکەیان نەبێت.

17 کانونی یەکەم 2025 16:15
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026