بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئێران ئەیر: تەنیا 8 فڕۆکەی کارامان هەیە
سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیای ئێران ئەیر 13 فڕۆکەی جۆری ATRـیان هەیە، بەڵام تەنیا 8 دانەیان کاران لە ئێستادا
بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئێران ئەیر باس لەوە دەکات، کە لە سەرجەم فڕۆکەکانیان تەنیا 8 دانەیان کار دەکەن و دۆخی کۆمپانیاکەشیان ئاڵۆزە، چونکە قەرزداری عێراق و تورکیان.
ئێران بەهۆی سیاسەتەکانی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانەوە ساڵانێکە دۆخێکی قورسی ئابووری بەسەردا سەپاوە، کۆمپانیاکانی گواستنەوە و هێڵی ئاسمانی ئەو وڵاتەش بێبەش نەبوون لەو سزایانەی لەسەر وڵاتەکەیانە و زیانێکی بەرچاویان کردووە، بەجۆرێک ئیتر فڕۆکەکانیشیان سوودی بەکارهێنانیان نەماوە و قەرزێکی زۆریان لە ئەستۆیە.
تاهیر عەبدولحەی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی ئێران ئەیر (Iran Air) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی خراپی و تێکچوونی فڕۆکەکانیانەوە ڕایگەیاند، لە کۆی گشتیی فڕۆکەکانمان تەنیا 8 دانەیان کاران و توانای گواستنەوەیان هەیە، هەرچەند کە 13 فڕۆکەی جۆری ATRـمان هەیە، بەڵام لەو ژمارەەیە تەنیا 2 دانەیان بەکەڵک دێن و کار دەکەن.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئێران ئەیر ئاماژەی بە قەرز و گرفتە داراییەکانی کۆمپانیاکەش کرد و وتی، لەئێستادا قەرزێکی بیانیی زۆرمان لەسەرە، پێشتر دوو فڕۆکەی جۆری (Airbus A330-200) کڕیبوو، بەڵام بەهۆی سزاکانەوە دەستیان بەسەردا گیرا، لەلایەکی دیکەوە نزیکەی 15 ملیۆن دۆلار قەرزداری فڕۆکەخانە بیانی و دەرەکییەکانن.
تاهیر عەبدولحەی ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاترین قەرزمان لەگەڵ فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی وەکو بەغدا، نەجەف، ئیستانبووڵ، دوبەی، جەددە، مەدینە و دەمام هەیە، ئەمە بێجگە لەوەی بەهۆی هاوردەکردنی کەلوپەل و پێداویستیی فڕۆکەکان لە وڵاتانی ناوچەکە گوشارێکی زۆرترمان لەسەرە.