بڕیاری لەسێدارەدان بۆ د. سیروان مەحموود دەرچوو
ئەو پزیشکە بەناوبانگەی لە هەولێر لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی ماڵە خەزوورانی خۆی کوشت، بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو
دواجار دادگە بڕیاری لە کەیسی د. سیروان مەحموود دا، ئەو پزیشکەی دەستڕێژی گولـلەی لە کەسوکاری هاوژینەکەی خۆی کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە دادگەی تاوانی هەولێر بڕیاری لە سێدارەدان و 40 ساڵ زیندانی بۆ د. سیروان مەحموود دەرکرد، کە یەکێکە لە پزیشکە ناسراوەکانی شاری هەولێر.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە شەوی پێنجشەممە 13-03-2025 د. سیروان مەحموود لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر هاوسەرەکەی و خوشکی هاوسەرەکەی و خەسوو و خەزووری خۆی بە دەمانچە کوشت و دوو منداڵیشی بریندار کرد، دواتر لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستگیرکرا.
سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکە، کەسوکاری د، سیروان پێشووتر ڕایانگەیاندبوو، پزیشکەکە هیچ کێشەیەکی دەروونی نەبووە، بەڵام ماوەیەک بەر لە ڕووداوەکە لەگەڵ هاوژینەکەی کێشەیەک کەوتووەتە نێوانیان و بەوهۆیەوە هاوژینەکەی چووەتەوە ماڵی باوکی و داوای جیابوونەوەی کردووە، دکتۆرەکەش بەرگەی نەگرتووە و ئەم رووداوەی لێکەوتووەتەوە.