یاری لودۆ لە عێراق قەدەغە کرا
لەپێناو پاراستنی خێزانە عێراقییەکان لە ڕەشبگیری ئۆنلاین و گەندەڵی ئەخلاقی بڕیاردرا یاری لودۆ لە عێراق قەدەغە بکرێت
بەهۆی هاندانی گرەوکردن لە یاری لودۆ و دروستکردنی کێشە لە نێوان خێزانەکان، عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی دا.
وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق ڕایگەیاند، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی بە ئەوان بەخشراوە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیاردرا یاری "لودۆ بلۆک" قەدەغە بکەن بۆ پاراستنی خێزانە عێراقییەکان لە زیادبوونی مەترسییەکان و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر پەیکەری کۆمەڵایەتی.
سەبارەت بە هۆکاری قەدەغە کردنی یارییەکە، لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق دا هاتووە، یارییەکە بووەتە سەرچاوەی ناکۆکی لە نێو زۆرێک لە خێزانەکانی و نێوان ژن و مێرد بەهۆی سیستەمی گرەوکردنەوە، کە هانی کردەوەی مەترسیدار و قبووڵنەکراو دەدات.
هاوکات دوای بەدواداچوونی ورد دەرکەوتووە کە کۆمەڵێک کێشە بەهۆی ئەم یارییەوە سەریان هەڵداوە، لەوانە بوونی "چاتی تایبەت" کە ڕێگە بە پەیوەندی ڕاستەوخۆ دەدات لە ژینگەیەکی نادیاردا و مەترسی ئیستغلالی سێکسی لێدەکرێت، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشیاو و دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری خێزان و بنیاتە کۆمەڵایەتییەکان بە مەترسیی دیکە دانراون.