ئاگر لە یانەیەکی شەوان کەوتەوە و زیاتر لە 20 کەس گیانیان لەدەستدا
تەقینەوەی سلندەرێکی غاز کارەساتی لە یانەیەکی شەوانە نایەوە و دەیان کەس گیانیان لەدەستدا
لە یەکێک لە یانە شەوانەکانی هیندستان بەهۆی تەقینەوەی سلندەرێکی غازەوە ئاگر کەوتەوە و دەیان کەس گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە پرامۆد ساوانت، سەرۆک وەزیرانی ویلایەتی "گوا"ـی هیندستان لە ئێکس ڕایگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردوو لە یەکێک لە یانەی شەوانی ویلایەتەکە ئاگر کەوتووەتەوە و لە ئەنجامدا لانیکەم 23 کەس گیانیان لەدەستدا، لە نێویشیاندا سێ بۆ چوار کەسیان گەشتیارن، هاوکات سێ کەس بەهۆی سووتانەوە گیانیان لەدەستدا، ئەوانی دیکەش بەهۆی خنکانەوە مردوون، کە زۆربەیان کارمەندی یانە شەوانەکان بوون.
سەرۆک وەزیرانی گوا لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی کردەوە، ئەوانەی بەرپرسن و کەمتەرخەم بوون، ڕووبەڕووی توندترین سزای یاسایی دەبنەوە.
بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، ئاگرەکە بەهۆی تەقینەوەی سلندەرێکی غازەوە بووە لە نهۆمی خوارەوە، بە تایبەتی لە چێشتخانەکە کە زۆربەی زیانەکان تێیدا چڕبوونەتەوە.