ئێران: هەر وڵاتێک ئاو بفرۆشێت لێی دەکڕین
بەهۆی ئەو وشکەساڵییەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، ئێران داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەکات ئاویان پێ بفرۆشن.
ئێران لەدەست قەیرانی کەم ئاوی و وشکەساڵی داوا لە وڵاتای دراوسێ دەکات ئاویان پێ بفرۆشن.
ئەمڕۆ پێنج شەممە عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران ڕایگەیاند، بۆ دابینکردنی ئاو دانووستانیان لەگەڵ واڵاتانی دراوسێ ئەنجامداوە بۆ هەناردەکردنی ئاو و دەشڵێت: "ئەگەر هەر وڵاتێک ئامادەبێت ئاو بفرۆشێت، ئێمە دەیکڕین، ئەگەر ئەو وڵاتانە ڕێکبکەون لەسەر فرۆشتنی ئاو بە نرخێکی گونجاو، ئەوا پرۆسەی کڕین دەستپێدەکات."
سەرەڕای داواکارییەکەی ئێران، زۆربەی وڵاتانی دراوسێی بەدەست کەمیی ئاو و وشکەساڵی دەناڵێنن، لەوانە وەک، عێراق، ئەفغانستان و ناوچە سنوورییەکانی پاکستان، لە کاتێکدا ئەرمینیا لە باکوور یەدەگی ئاوی تاڕادەیەک زۆری هەیە.
ئێران بە یەکێک لە وشکترین وڵاتانی جیهان دادەندرێت و بەتایبەتی ئەمساڵ، بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین، چەندین دەریاچە و سەرچاوەی ئاو وشکیان کردووە و کەشوهەوای ناوچەکەش، بە تایبەتی تاران هێندە پیس بووە، کە پێشتر سەرۆک کۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان و بەرپرسانی تاران ڕایانگەیاندبوو دەبێت پایتەخت بگوازرێتەوە، بەهۆی وشکەساڵی و پیسبوونی کەشوهەواوە.