سبەی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە
پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت
لەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە سبەی دووبارە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاشکرای دەکات، سبەی پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە و لە ڕۆژانی داهاتووشدا پارتی سەردانی لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەکات.
بەگووتەی هیوا گەیلانی، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆئەوەی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، چونکە لەڕابردووشدا نەرمیان نواندووە بەڵام یەکێتی نەهاتووەتەوە پێشەوە.
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ڕوونیکردەوە، پارتی مەبەستیەتی دوو پەیام بەلایەنەکان بگەیەنێت، یەکەم ڕێکخستنەوەی پەرتەوازەیی نێوماڵی کورد، دووەم، لەگەڵ لایەنە براوەکان یەک پاکێج و گوتاریان هەبێت لە حکومەتی داهاتووی عێراق.