ئەمڕۆ ئارام قادر دادگەیی دەکرێت
ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی حزبی هاوپەیمانی نیشتیمانی دەبرێتە بەردەم دادوەر و دادگەیی دەکرێت
بۆ یەکەمجار دوای 6 مانگ لە زیندانی، سەرۆکی پێشووی حزبێکی کوردستان دادگەیی دەکرێت.
ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی حزبی هاوپەیمانی نیشتیمانی ماوەی نزیکەی 6 مانگە لە سلێمانی دەستگیرکراوە و وا بڕیارە ئەمڕۆ ببرێتە بەردەم دادوەر و دادگەیی بکرێت.
پێشووتر وابڕیاربوو لە 4-11-2025 دادگەی بکرێت بەڵام دادگەییەکەی دواخرا بۆ ئەمڕۆ و بە گوتەی کەسوکارەکەی ئارام قادر، لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکرا و دواتر بردرایە شوێنێکی نهێنی و پێیان گوتراوە لەسەر کەیسێکی "هەواڵگری" دەستگیرکراوە.
جێی باسە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ تا ئێستا دوو جار داوایان کردووە لە زیندان چاویان بە ئارام قادر بکەوێت، بەڵام تا ئێستا هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ڕێگەیان نەداوە سەردانی بکەن.