پایتەخت

هیچ مووچەیەکی ئەمساڵ دەفەوتێت؟

هیچ مووچەیەکی ئەمساڵ دەفەوتێت؟
کورتە

پایتەخت چارەنووسی 3 مووچەکەی ئەمساڵ و کاتی دابەشکردنی مووچە ئاشکرا دەکات

دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، پێش نیوەڕۆی ئەمرۆ بڕی 941  ملیار و 874 ملیۆن دیناری وەکو مووچەی مانگی ئەیلوول، لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم و پایتەخت میدیا، زانیاری لەسەر لیست و کاتی دابەشکردنی مووچە ئاشکرا دەکات.

 

سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، پارەی مووچە گەیشتووە و ئەوان ماوەی چەندین رۆژە ئامادەکاری تەواویان کردووە، بۆیە لە چەند کاتژمێری داهاتوو لیستی مووچە ئاشکرا دەکەن و دواتر دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکات.

 

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا، وەکو مانگەکانی پێشوو، لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەی تەواوی مووچەخۆران دابەش دەکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، تەواوی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی و یەکەکان ئامادەکاری تەواوی خۆیان کردووە.

 

سەرچاوەیەکی تایبەت لە هەژماری من بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، تەواوی بانکەکانی بەشدار لە هەژماری من ئامادەکاری خۆیان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی نۆ دەستپێکردووە و تەواو ئامێرەکانی پارە ڕاکێشان، پڕ کراونەتەوە لە پارە، بۆیە لە بەیانییەوە مووچەخۆران لە رێگەی کورتە نامە لە گەیشتنی مووچەکانیان ئاگادار دەکرێنەوە.

 

ناردنی مووچەی مانگی 9ی مووچەخۆرانی هەرێم لە کاتێدا، کە ئێستا کۆتایی مانگی 11یە و مووچەخۆرانی عێراق مووچەی خۆیان بەشێوەیەکی ئاسایی وەردەگرن، بۆیە ئێستا لە هەرێم هەموو بیر و چاوەکان کەوتوونەتە سەر ئەو سێ مووچەیەی لەم ساڵدا ماون و مووچەخۆران دەپرسن، ئایا بەغدا تەواوی ئەو مووچانەی ماوە دەنێرێت یان نا.

 

پێشتر رێباز حەملان، راوێژکاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە سەفین کوردۆ، سەرنووسەری پایتەخت میدیای ڕاگەیاندبوو، کە حکومەتی هەرێم دڵنیایی بە مووچەخۆرانی خۆی دەدات کە هیچ مووچەیەکیان نافەوتێت و ئەوان بە رژدی لەسەر هێڵن، بۆ ئەوەی تەواوی کێشەکان چارەسەر بکەن، تاوەکو هیچ مووچەیەکی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێم نەفەوتێت و هەر لەسەر ئەم بابەتە، شاندی تایبەت ڕەوانەی بەغدا دەکەن، بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک دروست نەبێت و مووچە خۆران تەواوی شایستە داراییەکانیان وەرگرن.

29 تشرینی دووەم 2025 12:29
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026