سەدان کەس تاوەکو ئێستا مامەڵەی حەجیان نەکردووە
داوا دەکرێت سبەی حاجیان سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە بکەن
لەگەڵ درێژکردنەوەی ماوەی ڕاییکردنی مامەڵەی حاجییان بۆ ساڵی داهاتوو، تا ئێستا نزیکەی 1265 حاجی مامەڵەیان ئەنجام نەداوە.
ئەمڕۆ هەینی کاروان ستوونی، گوتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناویان دەرچووە بۆ فەریزەی حەج سوود لەو کاتە وەربگرن کە بانکەکان هێشتا دەستیان بە دابەشکردنی مووچە نەکردووە، چونکە لە ئەگەری دابەشکردنی مووچە لە سەرەتای ئەو هەفتەیە قەرەباڵغییەکی زۆر لە بانکەکان دروست دەبێت.
بەگووتەی کاروان ستوونی، تاوەکو ئێستا 3625 کەس پارەیان داوە و مامەڵەیان تەواو کردووە، نزیکەی 1265 حاجیش ماون کە دەستیان بە مامەڵەکانیان نەکردووە.
گوتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی کوردستان ڕاشیگەیاند، ئەوانەی مامەڵەیان نەکردووە لە سبەی رۆژی شەممەوە سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە و بانکەکان بکەن تاوەکو تووشی قەرەباڵغی نەبن و مامەڵەکانیان دوا نەکەوێت.