پێویستە حکومەتی عێراق هەرچی زووە ئەو گروپ و کەسانە بدۆزێتەوە
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ جەخت لە ئاشکراکردنی بکەرانی هێرشەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر بوون
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ جەخت لە ئاشکراکردنی ئەو گروپ و کەسانە دەکاتەوە، کە بکەری ئەنجامدانی هێرشەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، شەوی ڕابردوو هێرش کرایە سەر کارگەی غازی کۆڕمۆڕ و بەهۆیەوە زەرەرو زیانی زۆر بەر کێڵگەکە کەوت و بوە هۆی پچڕانی کارەبای نیشتمانی لەهەرێمی کوردستان، ئەوان لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆریستیە دەکەن و بە دەست درێژی ئاشکرای دەزانن بۆ سەر سامانی نیشتمانی وڵات و بەرژەوەندی گشتی.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕوونیکردەوە، ئەو کردەوانە چەندین جار دووبارە بۆتەوە و بەئاشکرا لەلایەن هەندێ گروپەوە بەرژەوەندیەکانی خەڵک دەکرێنە ئامانج و زەرەر بەژێرخانی ئابوری هەرێم دەگەینن.
بەگوێرەی بڵاوکراوەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، پێویستە حکومەتی عێڕاق هەرچی زووە ئەو گروپ و کەسانە بدۆزێتەوەو ئاشکرایان بکات و لێکۆڵینەوەی ورد ئەنجام بدات و بکەرانی ئەو کردەوەش ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.