بڕیارێک لە بەرژەوەندی ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەج گەڕاوەتەوە درا
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بۆ ماوەی هەفتەیەک ماوەی ڕاییکردنی مامەڵەکردنی حاجییانی درێژ کردەوە
ماوەی ڕاییکردنی مامەڵەی ئەو کەسانەی ناویان بۆ حەج گەڕاوەتەوە درێژکرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لەپێناو بەرژەوەندی و خزمەتی زیاتری ئەو کەسانەی کە ناویان بۆ فەریزەی حەج دەرچووە، بڕیاریدا، بەدرێژکردنەوەی ماوەی رایی کردنی مامەڵەکانیان و تێچووی حەج بۆ ماوەی هەفتەیەک، ئەمەش لەپێناو هاوکاری و خزمەت گەیاندنی زیاتر بەو کەسانەی، کە دواکەوتوون لە ڕاییکردنی مامەڵەکانیان و لەماوەی ئەوهەفتەیە مامەڵەکانیان ڕایی بکەن، تاوەکو مافی گەشتکردنیان بۆ فەریزەی حەج نەفەوتێ.
هەر لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆ بیرخستنەوە بڕیاروابوو ڕۆژی پێنج شەممە 27-11-2025، کۆتا وادەی رایی کردنی مامەڵەکان بێت، بەڵام دوای بڕیاری وەزیر ماوەکەی درێژکرایەوە بۆ رۆژی پێنج شەممەی هەفتەی داهاتوو 4-11-2025.
بۆ ئەم مەبەستەش نووسینگەکانی حەج و عومرە لەسەرجەم شارو ئیدارە سەربەخۆکان لە کاتژمێر 8:30ـی بەیانی مامەڵەی حاجیان ڕایی دەکەن تاوەکو کاتژمێر 4ـی ئێوارە.