پایتەخت

نەوەی نوێ: ئەزموونی وەرگرتنی پۆست لە لایەن ژن و مێردەوە زیانی زۆری لێداوین

نەوەی نوێ: ئەزموونی وەرگرتنی پۆست لە لایەن ژن و مێردەوە زیانی زۆری لێداوین
کورتە

نەوەی نوێ پەشیمانە لە پێدانی پلە و پۆست بە ژن و مێردەکان

دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق جوڵانەوەی نەوەی نوێ ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی کەمی کرد، لە کۆبوونەوەی رابردووی سەرکردایەتی جوڵانەوەکە، بڕیارێکی نوێ لەبارەی پێدانی پۆست بە ژن و مێرد دراوە.

سەرچاوەیەکی تایبەت و ئاگادار لە کۆبوونەوەی ڕابردووی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەی ڕابردوو لەسەر کەمکردنی ژمارەی دەنگ و کورسییەکان دەمەقاڵێ لە نێوان ئەندامانی سەرکردایەتی دروست بووە و هەموویان هاوڕابوونە، کە ئەزموونی چوونی ژن و مێرد بۆ پەرلەمان یان وەرگرتنی پۆست، زیانی زۆری لە جوڵانەوەکە داوە و دەبێت ئەمە بوەستێندرێت.

ئەو سەرچاوەیە بۆ پایتەخت میدیا ئاماژەی بەوەکرد، نەوەی نوێ بڕیاریداوە ئەگەر لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم بەشداری بکات، هیچ پلە و پۆستێک بەو کەسانە نەدات کە پێشتر پۆستیان وەرگرتووە یان وەکو ژن و مێرد ئەزموونی پەرلەمانیان تاقیکردووەتەوە.

پایتەخت میدیا زانیویەتی، دەرەنجامی دوای کۆبوونەوەکە لە زیندان گەیاندراوەتە دەستی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و ئەویش هاوڕابووە کە دەبێت کۆتایی بەم ئەزموونە بهێندرێت، چونکە نەوەی زۆرترین زیانی بەهۆی هاوسەردارەکان بەرکەوتووە.

لە جوڵانەوەی نەوەی، چەندین پەرلەمانتار و ئەندامی سەرکردایەتی ئەو جوڵانەوەیە، لە نمونەی شاسوار عەبدولواحید و سروە عەبدولواحیدی خوشکی، کاوە عەبدولقادر و وەزیرە ئەحمەدی هاوسەری، مژدە مەحموود و محەممەد ئیسماعیلی هاوسەری، ئەم ئەزموونەیان تاقیکردووەتەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هاونیشتیمانیان بە تەنزەوە باسیان دەکەن، هەر بۆیەش نەوەی نوێ دەیەوێت کۆتایی بەم ئەزموونە بهێنێت.

25 تشرینی دووەم 2025 11:45
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026