دوا مۆڵەتی ڕایی کردنی مامەڵەی حاجییان ڕاگەیەندرا
پرۆسەی ڕایی کردنی مامەڵەی حاجییان بەردەوامە و دوا مۆڵەتیش بۆ ئەو مامەڵەیە دیاری کرا.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، پرۆسەی ئەنجامدانی مامەڵەی حاجییان تا ڕۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت، هاوکات هەر کەسێک لەو وادەیە دوا بکەوێت، بەرپرسیارێتییەکەی لەسەر خۆی دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، کاروان ستوونی گوتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی کوردستان بڵاویکردەوە، ئاگاداری هەموو ئەو کەسانە دەکەینەوە کە ناویان لە تیروپشکی حەجی ساڵی 2026 دەرچووە، پێویستە بەزووترین کات و تا ڕۆژی پێنجشەممە (27ی تشرینی دووەمی 2025)، سەردانی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن.
کاروان ستوونی ئەوەشی ڕاگەیاند، ماوەی زیاتر لە 10 ڕۆژە پرۆسەکە دەستیپێکردووە و لەپێناو تەواوکردنی مامەڵەکاندا، تەواوی نووسینگەکانی حەج و عومرە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک وهەڵەبجە و هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، گەرمیان، زاخۆ و ڕاپەڕین، تەنانەت ڕۆژانی شەممەش بەبێ پشوو دەوامیان کردووە.
گوتبەێژی حەج و عومرەی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، هەر هاووڵاتییەک دوابکەوێت، خۆی بەرپرسیار دەبێت، چونکە پێشتر چەندین جار لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە ئاگادارکردنەوەیان بڵاوکردووەتەوە.
سەبارەت بە بەڵگەنامە پێویستەکان، کاروان ستونی ڕوونی کردەوە کە پێویستە حاجیان لە کاتی سەردانکردنی نووسینگەکاندا ئەم بەڵگەنامانەیان پێ بێت:
پاسپۆرتی ئەسڵی، کۆپیی پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاریی بە شێوەی ڕەنگاوڕەنگ و لە یەک لاپەڕەدا تێچووی حەج کە بڕەکەی 7 ملیۆن و 100 هەزار دینارە.