بەفربارین دەستپێدەکات
وادەی یەکەم بەفربارین لە ناوچە شاخاوەییەکان ئاشکرا دەکرێت
دوای یەکەم شەپۆلی بارانبارین لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان وادەی یەکەم بەفربارین لە ناوچە شاخاوەییەکان ئاشکرا دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە سیروان ساڵح، شارەزای کەشناسی بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، تاوەکوو 27ـی ئەم مانگە هیچ شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە بەڵکو ئەگەر هەیە شەپۆلێکی بارانی لاواز لە دەریایی سوور ناوچەکانی باشووری عێراق بگرێتەوە.
بەگووتەی سیروان ساڵح، ئەگەر هەیە لە مانگی 12 شەپۆلێکی سەرما و سۆڵە و بارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و یەکەم بەفر بارین لەو زنجیرە چیایانەی لە سەرووی 2 هەزار مەترەوەن دەستپێدەکات.
ئەو شارەزایەی کەشناسی باس لەوەدەکات، پلەکانی گەرما تا کۆتایی ئەم مانگە بەجێگری دەمێننەوە، لە ڕۆژدا مامناوەند و لە شەودا زۆر سارد دەبن و لە ناوچە شاخاوەییەکان دەچنە پلەی ژیر سفری سەدییەوە.