ئەمە دەنگی من نییە و دەنگەکانی من لەوە زۆرتر بوون
یـەکەم کاندیدی یەکێتی ناڕەزایی دەربڕی و دەڵێت: ئەمە دەنگی من نییە و دەنگەکانی من لەوە زۆرتر بوون
چەند ڕۆژێکە بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تێدەپەڕێت و سەرەڕای گۆڕانکاری لە ئەنجامەکان و نوێ بوونەوەی ئامارەکان، کاندیدانیش قسەی خۆیان هەیە و کاندیدە دەرچووەکان بە دڵخۆشییەوە سوپاسی دەنگدەرانیان دەکەن و کاندیدە شکستخواردووەکان ناڕەزایی دەردەبڕن، لە نوێترین پێشهاتیش مەهاباد حەمە ئەمین، کانیدیدی ژمارە 16 لەسەر لیستی 222ی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ناڕەزایی خۆی لەسەر ڕێژەی دەنگەکانی دەربڕی و ڕایگەیاند: ئەمە دەنگی من نییە و دەنگەکانی من لەوە زۆرتر بوون.
ئەمە دەقی بڵاوکراوەکەی مەهاباد حەمە ئەمینە:
بەناوی خوای گەورە و مهرەبان
سوپاس پێزانین بۆ ئەو بەڕێزانەی متمانە و پشتیوانییان بۆ من ( مهاباد شێخ حەمه ئەمین ) هەبووە لە سنووری بازنەی سلێمانی !
بەڕێزان و خۆشەویستان،
بە گەرمی و بەوپەڕی پێزانینەوە، وەک بنەماڵەی مهاباد شێخ حەمە ئەمین، بەتایبەتی خانەوادە و منداڵەکانم و تەواوی کەسوکار و خزمان و دۆستان ، سوپاسی یەکە بە یەکی ژمارەیەک لە هاورێیان و تێکۆشەران و پێشمەرگە و هەڤاڵانی ڕێکخستن و کەسوکاری شەهیدان و کەسایەتییە کۆمەڵاتیەکان دەکەین کە متمانەی خۆتان بەخشی بە ژمارە ١٦ لە لیستی ٢٢٢ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
وە سوپاس و پێزانینی تایبەت ئاڕاستەی ئەو تێکۆشەرانە دەکەین کە زیاتر دەنگی ناڕەزای بوون کە پێشتر لە دەرەوەی بازنەی دەنگدانی یەکێتی بوون، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بەوپەڕی دڵسۆزییەوە و دەنگی ناڕەزایی خۆیان بە من و یەکێتی بەخشی. ئەمە نیشانەی وەفایە بۆ گەڕانەوەی متمانەیەکی گەورەیە کە مایەی شانازیمانە و هێزێکی گەورەتریان پێ بەخشین.
هەروەها، سوپاسێکی تایبەت ئاڕاستەی ئەو کەسانە دەکەین کە متمانەیەکی زۆریان بە کەسایەتی من هەبوو لە پای خزمەتی دڵسۆزم چ لە ناو ژنان و گەنجان و خوێندکاران و پێشمەرگە و تێکۆشەران و کەسایەتییە کۆمەلاتیەکان و ڕێکخراوەکان و یەکێتی ژنان و ڕێکخستنەکان ، یان ئەو ئازیزانەی کە خەبات و مێژووی بنەماڵەکەمانیان لەبەرچاو گرت . ئەم متمانەیە جێگایی ڕێزگرتنە بۆ بەدەستهێنانی ئەم دەنگانە ، هەرچەندە دەنگەکانی من لەوە زیاتر بوون و دەنگی من نییە، چاوەڕێی زیاتر بووم بەپێی خەبات و کارکردن و ماندووبوونم ، کەسایەتیم زۆر لەوە زیاتر بووە و دیارە دەنگدەرانی من دەنگ کڕینی تێدانییە، دەنگەکانمان براوە و کڕاوە بەداخەوە ، وەهیچ ئیعازێک نەبووە بۆ دەنگدان بە من کە ئیجباربن بە دەنگدان بە من جگە لە کارکردنی خۆمان دەنگێکی شکۆمەندانەیە و شانازی بە دەنگی پاکی خۆمەوە دەکەم کە پێم بەخشراوە لەلایەن دڵسۆزانمانەوە.
هەروەها، سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ ئەو تیمانەی من لەهاندان و ڕاگەیاندن و ئەو خۆشەویستانەی بەدرێژایی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەبێ ماندوو بوون دڵسۆزانە هاوکار و پشتیوانی تەواومان بوون و ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو لە بەدەستهێنانی دەنگ بۆ ژمارە ١٦ لە لیستی ٢٢٢.
لە کۆتاییدا، هیوای تەندروستی زۆر باش و سەرکەوتنی گەورە بۆ هەموو لایەک دەخوازم و جارێکی دیکە دەست خۆشتیان لێدەکەین، زۆر سوپاس بۆ هەمووتان.
خوشکتان /
مهاباد شێخ حەمە ئەمین و بنەماڵەکەی
کادر و پێشمەرگەی دێرین
٢٠٢٥/١١/١٣