یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلام: بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەییە
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەکەن لە چوارچێوەی بنەما شەرعی و یاسایی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گەل بەشداری دەنگدان دەکەن
سبەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی گرنگ لەسەر ئەم پرسە بڵاودەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بڵاویکردەوە، هەڵبژاردن پرۆسەیەکی گرنگە بۆ نوێکردنەوەو ئیدارەدانی وڵات و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵک، بۆیە ئەمانەت و بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە و چەند بە پاکی، رێکوپێکی و بێ فڕوفێڵ بەڕێوە بچێت هەر کەمە، خوازیارن ئەم هەڵبژاردنە وێستگەیەکی خێرو ئارامی بێت بۆ گەلی کورد و کوردستان.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان جەخت لەوەدەکاتەوە، بەشداری بەرفراوان و کارای هاووڵاتییان لە چوارچێوەی بنەما شەرعی و یاسایی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گەل، نیشتمان و کەشێکی ئارام، ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەییە، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیداری هەرێم گرنگترە.