زیاتر لە 58 هەزار کەس لە ئێران بەهۆی پیسبوونی کەشوهەوا گیانیان لەدەستداوە
سەرەڕای قەیرانی کەمئاوی لە ئێران، لە ئیستادا دانیشتووانەکەی بەدەست پیسبوونی کەشوهەواوە دەناڵێنن
تەنیا لەماوەی یەک ساڵدا لە ئێران زیاتر لە 58 هەزار کەس بەهۆی پیسبوونی هەوا گیانیان لەدەستداوە.
تادێت دۆخی ژینگەی ئێران بەرەو قەیرانی زیاتر هەنگاو دەنێت، لەلایەکەوە قەیران و نەبوونی ئاو تەنگی بە خەڵک و حکومەتی ئەو وڵاتە هەڵچنیوە و لە لایەکی دیکەشەوە پیسبوونی کەشوهەوا بووەتە مەترسییەکی گەورە و ژیانی خەڵکی زۆربەی گەورەشارەکانی ئێرانی تاڵ کردووە.
عەلیڕەزا ڕەئیسی ڕاوێژکاری وەزیری تەندروستی ئێران ئامارێکی شۆکهێنەری لەبارەی مردنی هاووڵاتییانی ئێرانی بە پیسبوونی هەوا ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە، تەنیا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 58 هەزار و 975 کەس لە زۆرینەی شارەکانی ئێران بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، هۆکاری سەرەکیش بەرکەوتن لەگەڵ تەنۆلکە پیسەکانی هەوا بووە.
عەلیرەزا ڕەئیسی لایەنێکی شاراوەی پیسبوونی هەوای ئێرانی بەمشێوەیە ئاشکرا کردووە، وێڕای ئەوەی تێکڕای چڕیی ڕۆژانەی تەنۆلکە پیسەکانی هەوا لە گەورەشارەکانی ئێران کەمتر لە 2.5 مایکرۆیە، بەڵام ئەم ڕێژەیە زیاترە لە ڕێژەی ستانداردی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی.
لە شارەکانی ئێران کە زیاترین ڕێژەی تەنۆلکە پیسەکانی هەوای هەیە، شاری ئەهواز بە یەکەم شار ڕاگەیەندراوە و تێکڕای چڕیی ساڵانەی ٤٢ مایکرۆگرام لە هەر مەتر سێجادا تۆمار کراوە، دواتر ئیسفەهان، تاران و ئەراک بە پیسترین شارەکان لەڕووی کەشوهەواوە دێنە ئەژمار.