ئۆتۆمبێلێکی پڕ لە کارتی دەنگدان دەستی بەسەردا گیرا
چەند کەسێک لە بەغدا لەسەر هەڵگرتنی ژمارەیەکی زۆری کارتی دەنگدان دەستگیرکران
لە بەغدا چەند کەسێک بە مەبەستی بەکارهێنانی کارتی دەنگدان بە شێوەیەکی نایاسایی، دەستگیرکران.
ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ڕایگەیاند، بۆ پاراستنی ئاسایشی پرۆسەی هەڵبژاردن، یەکەکانی دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرت کە ژمارەیەک کارتی هەڵبژاردنی تێدابوو و هەڵگرانیان لە پارێزگای بەغدا دەستگیرکرد.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی دا هاتووە، دەستگیرکراوەکان دانیان بە تاوانەکانیان داناوە و مەبەستییان بووە ئەم کارتانە بۆ کاری نایاسایی بەکار بهێنن.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە 9-11-2025 پڕۆسەی هەڵبژاردنی تایبەت بەڕێوەچوو و تێیدا بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی دەنگدانی تایبەت، پارتی بە زیاتر لە 90 هەزار دەنگ و یەکێتی بە زیاتر لە 70 هەزار دەنگ یەکەم و دووەمن، وابڕیاریشە سبەی سێشەممە پڕۆسەی هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەبچێت.