بەدەستی دەزگیرانەکەی کوژرا و دواتر تەرمەکەی سووتێنرا
دوای 10 ڕۆژ لە دیارنەمانی ژنێک لە ئێران، تەرمەکەی بە سووتاوی دۆزرایەوە
ئافرەتێکی گەنج لە تاران بەدەستی دەزگیرانەکەی کوژرا و دواتر بۆ شاردنەوەی تەرمەکەی سووتێنرا.
ژنێکی گەنج بە ناوی مۆبینا زارع، دانیشتووی شاری ئیسلامشاری سەر بە پارێزگای تاران، لەلایەن خۆشەویستە پێشووەکەیەوە کوژرا و تەرمەکەی لە کوورەی ئەلەمنیۆمدا سووتێنرا، دواتر و دوای 10 ڕۆژ لە دیارنەمانی، تەرمەکەی دۆزرایەوە.
بەپێی هەواڵی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکانی ئێران، بەتایبەت ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئافرەتێک بەناوی مۆبینا زارع، تەمەن 30 ساڵان و خەڵکی ئیسلامشار، لە لایەن خۆشەویستە پێشووەکەیەوە بە ناوی موجتەبا، لە کارگەی وەرشەی باوکیدا کوژرا و تەرمەکەی لە کوورەی ئەلەمنیۆمی هەمان شوێندا سووتێنرا.
تەرمی ئەم ژنە گەنجە دوای 10 ڕۆژ لە باخچەیەکی بنەماڵەی بکوژەکە لە ناوچەی ڕۆبات کەریم دۆزرایەوە، بەڵام بەهۆی زۆریی ڕێژەی سووتاویی جەستەیەوە نەدەناسرایەوە.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، مۆبینا زارع نزیکەی هەشت مانگ لەمەوبەر بەهۆی توندوتیژی خۆشەویستەکەیەوە کۆتایی بە پەیوەندییەکە هێنابوو، هەر ئەمەش وایکردبوو لەلایەن ئەو دەزگیرانەیەوە بکوژرێت.