پایتەخت

تاقیکردنەوەی مورشیدی ئایینی دەستپێدەکات

تاقیکردنەوەی مورشیدی ئایینی دەستپێدەکات
کورتە

بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ پرۆسەی حەجی 2026 دەست بە تاقیکردنەوەی مورشیدی ئایینی دەکرێت

لەم هەفتەیەدا هەڵسەنگاندنی مامۆستایانی ئایینی بۆ مورشیدی حەجی ساڵی 2026 دەستپێدەکات و لە هەموو هەرێمی کوردستان یەک جۆرە پرسیارە.

ئەمڕۆ یەکشەممە کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای راگەیاند، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ پرۆسەی حەجی 2026 رۆژی پێنج شەممە دەست بە تاقیکردنەوەی مورشیدی ئایینی دەکرێت، تاقیکردنەوەکەش لەسەر هەردوو کتێبی (کتاب الحج ) منهاج النووی و (کتاب الحج ) فقه المنهجی دەبێت.

بەگووتەی کاروان ستوونی، تاقیکردنەوەی هەموو مامۆستایان لەیەک کاتدا ئەنجام دەدرێت و پرسیارەکانیش بۆ هەموو مامۆستایانی بەشداربوو لە هەموو هەرێمی کوردستان یەک پرسیارە و هیچ جیاوازییەک نییە لەیەک کاتیشدا تاقیکردنەوەکە دەست پێدەکات و کۆتایی پێدێت.

زیاتر لە 400 مامۆستای ئایینی بە سیستمی ئەلیکترۆنی داواکاری بوون بە مورشیدی ئایینیان بۆ پرۆسەی حەجی 2026 پێشکەش کردووە.

گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕوونیکردەوە، تاقیکردنەوەکە لە کاتژمێر 9ـی بەیانی رۆژی پێنج شەممە لە هەرسێ شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک ئەنجام دەدرێت، هەر مامۆستایەک کۆنمرەی لە سەدا 75 بهێنێت چانسی دەبێت کە وەکوو مورشیدی ئایینی حەج بکات و کەمتر لەو کۆنمرەیە بە هیچ شێوەیەک بەشدار نابێت لە کێبڕکێ مورشیدی حەجی 2026.

کاروان ستوونی جەختی لەوەشکردەوە، لەماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 180 مامۆستای ئایینی پرۆسەی حەجیان وەکو مورشید و موفتی بە خۆرایی و بێ بەرامبەر ئەنجام دراوە و زیاتر لە 700 مامۆستای ئایینییش سوودمەند بوون لە گەشتی عومڕە بەشێوەیەکی بێ بەرامبەر و بە خۆرایی و پرۆسەکەیش تاوەکوو ئێستا بەردەوامە.

09 تشرینی دووەم 2025 16:17
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025