ئارام قادر دوای 5 مانگ لە زیندانیکردن دادگەیی دەکرێت
                
            
        بۆ یەکەمجار دوای 5 مانگ لە دەستگیرکردنی ئارام قادر، ئەمڕۆ دادگەیی دەکرێت
لەسەر دۆسییەکی "نەزانراو" سەرۆکی پێشووی حزبێکی کوردستان دادگەیی دەکرێت.
ئارام قادر، سەرۆکی پێشووی حزبی هاوپەیمانی نیشتیمانی ماوەی 5 مانگە لە سلێمانی دەستگیرکراوە و وا بڕیارە ئەمڕۆ ببرێتە بەردەم دادوەر و دادگەیی بکرێت.
بەگووتەی کوڕێکی ئارام قادر، لە ماوەی ئەو 5 مانگەی کە باوکی دەستگیرکراوە، ڕێگە نەدراوە هیچ کەسێک، نە پارێزەرەکانی ناوبراو، نە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ چاویان پێ بکەوێت.
بەهۆی ئەوەی تا ئێستا ڕێگە بە پارێزەرەکانی نەدراوە کەیسەکەی بخوێننەوە، پێشبینی دەکرێت ئارام قادر بە بە تۆمەتی "ناپاکی نیشتیمانیی" تۆمەتبار کرابێت، بەڵام تا ئێستا کەس دڵنیا نییە و تەنانەت کەسوکارەکەشی نازانن بەچی تۆمەتبار کراوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ تا ئێستا دووجار داوایان کردووە لە زیندان چاویان بە ئارام قادر بکەوێت، بەڵام تا ئێستا هێزە ئەنمنییەکانی سلێمانی ڕێگەیان نەداوە سەردانی بکەن.