جوونشینێک مەڕ و ماڵاتی فەڵەستینییەکی خەڵتانی خوێن کرد
هاووڵاتییەکی فەڵەستینی سکاڵای لە دژی جوونشینێک تۆمار کرد دوای ئەوەی 10 سەر مەڕی لێ کووشت
بەمەبەستی دەرکردنی فەڵەستینییەکان، جوونشینەکانی کەناری ڕۆژئاوا بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر ماڵ و حاڵیان.
پێگەی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە باشووری گردی هێبرۆنی کەناری ڕۆژئاوا، جوونشینێک هێرشی کردووەتە سەر مەر و ماڵاتی فەڵەستینییەک و تێیدا 10 سەر مەڕ بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە کوشتووە، بەشێوەیەک کە هەندێکیان چاویان دەرهێندراون.
بە گووتەی خاوەن ماڵەکە، کە ناوی "محەممەد درامین"ـە، هێرشبەرەکەی دەستنیشان کردووە و دەزانێت کە "جوونشینە"، هاوکات سکاڵای لە لەلای پۆلیسی ئیسرائیل تۆمار کردووە و ڤیدیۆی کامێری چاودێری پێداون، کە تێیدا جگە لە کوشتنی مەڕەکان، دەرکەوتووە جوونشینەکە هێرشە دەکاتە سەر ئۆتۆمبێلی خاوەن ماڵەکە و جامەکانی دەشکێنێت، بەڵام تا ئێستا هیچ تاوانبارێک دەستگیر نەکراوە.
هەرچەندە لە ڕابردوودا هێرشی دیکە کراوەتە سەر و مەڕو ماڵاتی فەڵەستینییەکان، بەڵام هیچیان وەکو ئەمە دڕندانە نەبووە، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە زۆربەیان لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕووبەڕووی سزا ناکرێنەوە.