لەم بانگەشەیە کاندیدەکان ڕەچاوی پاراستنی ژینگەیان کردووە
 
                
            
        ئەم بانگەشەیە کەمتر زیانی بە ژینگەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە
بانگەشەی هەڵبژاردن بە هەڵواسینی پۆستەر و فلێکسی کاندید و لایەنە سیاسییەکان دەستیپێکردووە، هاوکات ئەم بانگەشەیە کەمتر زیانی بە ژینگەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
ئەمڕۆ دووشەممە سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لەکاتی دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن بەمەبەستی پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک ڕێنمایی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان تایبەت بە کاندید و لایەنە سیاسییەکان ڕەوانکردووە.
سەنعان عەبدوڵڵا ڕوونیکردەوە، تا ئێستا لە فەرمانگەی کاری ژینگەی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە هیچ پێشێلکارییەکی ژینگەیی نەگەیشتووە بەدەستیان.
بەگووتەی گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم، ئەم بانگەشەیە بەراورد بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕووی پیسکردنی ژینگە باشترە، تەنانەت ڕێژەی سزای کاندید و لیستەکانیش کەمتر بووەتەوە.
ئەو گوتەبێژە جەخت لەوەدەکاتەوە، ئەم بانگەشەیە بەهۆی ماوە درێژەکەی هێمنترە کاندید و لیستەکان ڕەچاوی هەندێک بابەتی ژینگەییان کردووە.
سەنعان عەبدوڵڵا داوا لە سەرجەم کاندید و لیستەکان دەکات، کە لە کاتی کۆتایی هاتنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان بن بۆ لێکردنەوەی پۆستەر و فلێکسەکانیان.
 
                 
                     
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
                 
            
         
            
        