پایتەخت

ئەمریکا ڤیزای ڕۆژنامەنووسێکی موسڵمانی بە تۆمەتی ڕەخنەگرتن لە ئیسرائیل هەڵوەشاندەوە

ئەمریکا ڤیزای ڕۆژنامەنووسێکی موسڵمانی بە تۆمەتی ڕەخنەگرتن لە ئیسرائیل هەڵوەشاندەوە
کورتە

ئەمریکا بەردەوامە لە هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای ئەو کەسانەی ڕەخنە لە ئیسائیل دەگرن و ئەمجارە ڕۆژنامەنووسێکی موسڵمانی دەستگیر کرد

لە چوارچێوەی تووندکردنی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دەستگیرکردن و هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای کەسانی بیانی، ئەمجارە ڕۆژنامەنووسێکی موسڵمانی دەستگیرکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە کەناڵی سکای نیوز بڵاویکردەوە، ڕۆژنامەنووسێکی موسڵمانی دانیشتووی بەریتانیا بە ناوی (سامی حەمدی) لەلایەن ئاژانسی جێبەجێکردنی یاسای گومرگ و کۆچ (ICE) لە ویلایەتی سانفرانسیسکۆی ئەمریکا دەستبەسەر کرا.

بە گوێرەی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسلام (CAIR)، دەستگیرکردنی (سامی حەمدی) وەک وەڵامێک بوو بۆ ڕەخنەکانی ناوبراو لە دژی ئیسرائیل کاتێک لە گەشتێکی وتاردا بوو لە ئەمریکا، دەریبڕیبوون.

ئەنجوومەنەکە جەختیشی کردەوە، کە دەستگیرکردنی (سامی حەمدی) لەسەر ڕەخنەگرتن لە ئۆپەڕاسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، "بنبڕکردنی ئازادی ڕادەڕبرینە لە ئەمریکا"، داواش دەکەن دەست بەجێ ئازادی بکەن چونکە "هیچ تاوانێکی نییە و تەنیا ڕەخنەی لە حکومەتێک گرتووە، کە بە تاوانی "جینۆساید" تاوانبارە."

تریشا مەکلەفلین، یاریدەدەری وەزیری کاروباری گشتیی لە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا (DHS) ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی پشتگیری لە تیرۆریسم دەکەن و تانە لە  ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەدەن، بە هیچ شێوەیەک ڕێگەیان پێنادرێت سەردانی ئەمریکا یان لە وڵاتەکە کار بکەن.

 ماوەیەک لەمەوبەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڤیزای ژمارەیەک کەسی بیانی لە وڵاتەکە هەڵوەشاندەوە کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئاهەنگی کوشتنی چارلی کیرک، چالاکوانی راستڕەو و کەسی نزیکی دۆناڵد ترەمپیان دەگێڕا.

دۆناڵد ترەمپ هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا، هەڵسا بە تووندترکردنی ڕێکارەکانی وەرگرتنی پەنابەران و دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەی کە هەڵگری ئایدۆلۆژیا و بیروڕای دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیلن، بەشێوەیەک کە ڤیزای سەدان قوتابی بیانی لە وڵاتەکە هەڵوەشێندرایەوە و لە خوێندن بێبەش کران، ئەمەش بە تۆمەتی پشتگیری کردنی تیرۆریسم (فەڵەستین).

تەنانەت ماوەیەک لەمەوبەر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڤیزای ژمارەیەک کەسی بیانی لە وڵاتەکە هەڵوەشاندەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاهەنگی کوشتنی چارلی کیرک، چالاکوانی راستڕەو و کەسی نزیکی دۆناڵد ترەمپیان دەگێڕا.

27 تشرینی یەکەم 2025 17:11
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025