دابەشکردنی نەوت بە تانکەر بارگرانی لەسەر خەڵک کەم دەکاتەوە
 
                
            
        پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت لە ژماریەک گەڕەکی قەزای ڕانیە دەستیپێکرد
پیشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پڕۆسەی دابەشکردنی نەوت لە ژماریەک گەڕەکی قەزای ڕانیە دەستیپێکرد، بەڕێوبەری نەوت و کانزاکانی ڕاپەڕین جەخت لەوەدەکاتەوە، بۆ ماوەی چەند مانگێک پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە دڵشاد ساڵح، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ڕاپەڕین بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە تەواوی سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین دەست بە دابەشکردنی نزیکەی 18 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەسەر ماڵان دەکرێت، شێوازێ دابەشکردنەکە سەرەتا لە سنووری گوندەکانی پشدەر دەبێت دواتر لە ناوەندی قەزای ڕانیە دەبێت.
دڵشاد ساڵح ڕوونیکردەوە، وادەی کۆتایی بۆ پڕۆسەکە نییە چونکە تا ماڵێک مابێت دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ڕاپەڕین ڕاشیگەیاند، بۆ ئەوەی خەرجی لەسەر هاووڵاتییان کەم ببێتەوە بە تانکەر نەوتی سپی بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرێت.
لە ڕۆژی 13ـی 10ـی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڵاویکردەوە، پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان وەک هەنگاوی یەکەم لە ناوچە شاخاوەییەکانی پارێزگای (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک) و ئیدارە سەربەخۆکانی (سۆران، ڕاپەڕێن، گەرمیان و زاخۆ ) دەستیپێکرد.
 
                 
                     
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
            
         
                 
            
         
            
        