پایتەخت

نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری بووە 15 ساڵ جارێک

نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری بووە 15 ساڵ جارێک
کورتە

لەمەودوا لە زۆر وڵاتی ئەوروپا مۆڵەتی شۆفێری لەجیاتی 10 ساڵ، دوای 15 ساڵ نوێدەکرێتەوە

بەمەبەستی سەلامەتی و ئاسانکاریکردن بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا چەندین بڕیاری نوێی دا.

پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا ئەم هەفتەیە بڕیاری لەسەر چەندین یاسای و ڕێکاری نوێی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری دا و لە نێویان دا هاتووە، لەمەودوا لە زۆر وڵاتی ئەوروپا مۆڵەتی شۆفێری لەجیاتی 10 ساڵ، دوای 15 ساڵ نوێدەکرێتەوە، ئەوانەی مۆڵەت وەردەگرن بۆ ماوەی 2 ساڵ لەژێر تاقیکردنەوەدا دەبن و سەرپێچیی گەورە بکەن لێیان دەسەندرێتەوە.

 هاوکات چیدیکە پێویست نییە مۆڵەتی شۆفێری وەکو ناسنامە لە گیرفانی شۆفێر بێت و دەکرێت لەسەر مۆبایلەکەی بە شێوەی دیجیتاڵی بێت، ئەو وڵاتانەش کە مۆڵەتی شۆفێری لەجیاتی ناسنامەش بەکاردێت، دەکرێت حکومەتەکانیان بڕیار بدات هەر وەکو جاران مۆڵەتەکە دوای 10 ساڵ پێویستی بە نوێکردنەوە بێت.

هەر بەپێی بڕیارە نوێیەکانی پەرلەمانی ئەوروپا مژدەیەکی خۆش بۆ ئەوانەی تەمەنیان نەبوونەتە 18 ساڵ و حەزیان لە مۆڵەتی شۆفێرییە، لەمەودوا دەکرێت لە 17 ساڵییەوە مۆڵەت وەربگیرێت و تاوەکو تەمەنی 18 ساڵی کەسێکی دیکە، کە پێشتر مۆڵەتی شۆفێریی هێناوە لەکاتی شۆفێریدا لەگەڵی سەرنشین بێت.

گۆڕانکارییەکی دیکەش ئەوە دەبێت کە کاتێک کەسێک بۆ وەرگرتنی مۆڵەت تاقیدەکرێتەوە، دەبێت پیشانی بدات لە مەترسیی بەبێ موبالاتی کردنەوەی دەرگای ئۆتۆمبێل یان بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی لێخوڕیندا تێدەگات، ئەمە لە کاتێكدایە، ساڵانە 20 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە سەرتاسەری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە گیان لەدەست دەدەن، بۆیە بە پێویست زانراوە ئەو بڕیارە نوێیانە سەبارەت بە مۆڵەتی شۆفێری بدرێن.

25 تشرینی یەکەم 2025 09:01
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025